کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

18:41 - 23 خاکەلێوه 2718

پەیامی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
(کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات)

بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

هاونیشتمانیانی خۆشەویست


هەروەک ئاگادارن، کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبە تێکۆشەرەکەتان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی ڕۆژانی ١هەتا ٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاویدا لەژێر ناوی ڕاسانی ڕۆژهەڵات بەڕێوەچوو. لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک باس و بابەتی گرینگ لە پەیوەندیی لەگەڵ چارەنووسی بزووتنەوەکەماندا هێنرایە ئاراوە و پێداگری لە سەر پێویستیی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە میکانیزم و شێوازی ڕێکخستن و کانالیزە کردنی تواناکانمان لە پێناوی بەرەوپێشبردنی خەباتێکی مۆدێڕن و سەردەمیانەدا کرایەوە.

گومان لەوە دا نییە کە هاوتەریب لەگەڵ ئاڵوگۆڕە جیهانی و ناوچەییەکاندا، هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێکهاتەی کۆمەڵگا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵوگۆڕی بە سەردا هاتووە و هەنوکەش پێویستیی بە خۆداچوونەوە و چارەسەری کەموکۆڕی و کۆسپەکانی سەر ڕێگای هەوڵەکانمان زیاتر لە هەمیشە خۆی دەنوێنێت.

ئێمە لە کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆمان، خوێندنەوە و لێکدانەوەی وردمان بۆ ڕۆڵ و پێگە و ئەرکەکانی خۆمان و هەرکام لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگاکەمان لە پێناوی سەرخستنی خەباتی مافخوازانەی گەلەکەماندا کرد و پێمان لە سەر ئەو پرەنسیپە دێرینەی حیزبەکەمان داگرتەوە کە دەبێ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاکەمان هاوئامانج و هاوئاهەنگ لە خەباتێکی فرەڕەهەند و گشتگیردا قەبووڵی ئەرک و بەرپرسایەتیی بکەن و جێگە و پێگەی خۆیان لەو خەباتەدا بە وردی پێناسە بکەن و بۆ بەرەوپێشبردنی بە کردەوە هەنگاو هەڵبگرن.

خاڵێکی گرینگ کە دەتوانێ ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکان کورتتر و کەم تێچووتر بکاتەوە، ئەوەیە کە هەرکام لە ئێمە لە هەر جێگە و پێگەیەکدا کە هەین و بە هەر شێوازێک کە پێمان دەکرێت هەوڵ بدەین دەرفەتەکانی کار و چالاکیی شوێندانەر لە ڕەوتی خەباتی هاوبەشماندا لە کیس نەدەین و ڕێگە نەدەین جیاوازیی بیروڕا و بەرژەوەندییە تەسکە تاکەکەسی و گرووپییەکان ببێتە لەمپەر لە بەردەم یەکگرتوویی و هاوپەیوەندیی نەتەوەییماندا، خەباتی هیچ کەس و لایەنێک بە کەم بایەخ لە قەڵەم نەدەین و فڕەرەنگییەکانمان بکەینە هەوێنی دەوڵەمەندیی گوتار و تۆکمەیی ڕێکخستن و بەهێزیی کردارمان و دوژمن نەتوانێ بە قۆستنەوەی جیاوازییەکانمان، کەلێن و دووبەرەکی بخاتە نێوانمان و ڕێگە نەدەین کە ماف‌پێشێلکەری کۆنەپەرست لە هەوڵەکانیدا بۆ تواندنەوە و لاوازکردنمان سەرکەوتن بە دەست بهێنێت.

کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات خۆی لە خەبات بۆ سەرخستن و بەرەوپێشبردنی هەموو هەوڵ و تێکۆشانێک لەو پێناوەدا بە ئەرکدار و بەرپرسیار دەزانێت و وێڕای پشتیوانی و داکۆکی لە هەوڵ و خەباتی مافخوازانەی هەموو تاکەکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان، جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە لەم قۆناغە هەستیارەی مێژووی گەلەکەماندا زیاتر لە جاران پێویستی هەموومان وەک پەنجەکانی یەک دەست، یەکڕیز و هاوئاهەنگ و یەکگرتوو بین و شانبەشانی یەکتر، سەنگەرەکانی بەرگری لە کەرامەت و ئازادیمان پتەوتر بکەین.

لە کۆتاییدا بەڵێن دەدەین تا وەدیهاتنی هەموو ئامانجە ڕەواکانی بزووتنەوەکەمان، وەک نەریتی هەمیشەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئامادەی تێکۆشان و گیانفیدایی لە ڕیزی پێشەوەی خەباتدا بین و وێڕای خەباتگێڕانی چین و توێژە جۆراجۆرەکانی خەڵکی کوردستان بۆ دابینبوونی ماف و ئازادییەکانمان بەرەو ئاسۆی سەرکەوتن هەنگاو بنێین.

بەئاواتی سەرکەوتن و بە ئازادی گەیشتن
کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران 
ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی