کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی حیزبی دێموكرات بە بۆنەی سەركەوتنی سێ‌ ئەندامی حیزب لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی نۆروێژدا

21:32 - 4 خەزەڵوەر 2715

كوردستان میدیا: كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی حیزبی دێموكرات بە بۆنەی سەركەوتنی سێ‌ ئەندامی حیزب لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی نۆروێژدا پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستە كردوون.

دەقی پەیامەكە بەم چەشنەیە:

پەیامی پیرۆزبایی

بۆ بەڕێزان ئەنوەر پویا، كاوە عەبدالی و ماكوان خۆش‌هەیكەڵ


لە لایەن حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، كۆمیتەی كاروباری دەرەوە پڕ بە دڵ پیرۆزباییتان لێ دەكەین بە بۆنەی هەڵبژاردن و سەركەوتنتان لە هەڵَبژاردنەكانی ئەنجومەنی شارەوانی و پارێزگاكان لە وڵاتی نۆروێژ.
ئێوەی بەڕێز لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چ وەك ئەندامی حیزبی، چ وەك كەسایەتیی نیشتمانپەروەر هەموو هەوڵێكتان داوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی حیزبەكەمان و ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی كورد لە كۆمەڵگای نۆروێژدا. بە لە بەرچاو گرتنی ئەوەش دڵنیاین كە لەو مەیدانەشدا هەموو هەوڵی خۆتان زیاتر لە جارانیش، بۆ ئازادی و چەسپاندنی دێموكراسی لە كۆمەڵگادا و بە ئاشتی ژیان و دووربوون لە شەڕ دەخەنە گەڕ.

خۆ گونجاندنی كوردەكانی نیشتەجێ لە وڵاتانی پێشكەوتوو و دێموكراتیكدا و كەوتنە ناو ناوەندەكانی بڕیاردانی ئەو وڵاتانە، كردنەوەی دەرگایەكە بۆ گواستنەوەی ئەزموونە سەركەووتووەكانی ئەو ناوەند و وڵاتانە بۆ ناو ڕێكخراو و كۆمەڵگای كوردی. كەڵك وەرگرتن لەو ئەزموونانەش سودێكی زۆری دەبێ لە چوونە پێشی كاری ئۆرگانی و پرۆسەی دێموكراسی و هەروەها شێوازی بەڕێوەبەریدا.

كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی دووبارە و بە هیوای سەركەوتن لە ئەركەكانتاندا، هیوادارە لە دواڕۆژدا شاهیدی سەركەوتنی ڕێژەیەكی زیاتر لە نیشتمان پەروەرانی كورد لە دەرەوەی وڵات بین.

لەگەڵ ڕێز

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

كۆمیتەی كاروباری دەرەوە

٢٣/١٠/٢٠١٥ی زایینی