کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ٢٦ی خەرمانان لەلایەن بەشێک لە مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان

17:47 - 26 خەرمانان 2721

بەشێک لە مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆکانی شارەکانی "سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، نەغەدە و مەهاباد" بەبۆنەی ٢٩هەمین ساڵڤەگەڕی شەهیدبوونی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان

ئازادیخوازان و ویژدانە نەسروتووەکانی کوردستان، ئێران و جیهان

٢٩ ساڵ بەر لە ئێستا دەستی ڕەشی تێرۆری کۆماری ئاخوندی بۆ چەندەمین جار گەیشتە دڵی ئورووپا و بە بەرچاوی گشت جیهانەوە لەکاتێکدا سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ بەشداریی لە کۆنگرەی "ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست" سەفەری ئورووپای کردبوو و لەو نێوەدا لەگەڵ بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە دیالۆگ‌دا بوو، لە رێستوورانی "میکۆنووس" کەوتە بەر پەلاماری تێرۆریستانی کۆماری پەت و سێدارە و لەگەڵ چەند هاوڕێی‌ تری شەهید کران.

 شەهیدبوونی دوکتور "شەرەفکەندی" تەنیا زەبر لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نەبوو، بەڵکوو بزووتنەوەی ئازادیخوازیی لە کوردستان، ئێران و ناوچە بەگشتی زەبری بەر کەوت، چوونکە "دوکتور شەرەفکەندی" شۆڕشگێڕێکی ئازادیخواز، بیرمەندێکی نەترس و کاربەڕێوەبەرێکی بە توانای گۆڕەپانی سیاسی بوو کە لێبڕاوانە و بە هەڵوێستەوە دژی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەتێک دەوێستاوە و هەتا ئەو کاتەی لە ژیاندا بوو، حیزبەکەمان و بزوتنەوە ڕەواکەی بە گوڕ و تینێکی ژیرانە، بەگژ داگیرکەراندا دەچووە و کۆماری ئاخوندی وەلەرزە هێنابوو.

هەڵوێستە درووست و حەکیمانەکانی دوکتور "شەرەفکەندی" و خوێندنەوەی وردی بۆ ڕووداو و کارەسات و پێشهاتە سیاسییەکان، هەروەها مودیرییەتی بەشی کار و باری پێشمەرگانە، هەر لە باکوورەوە هەتا باشووری کوردستان و وەزاڵه‌هێنانی ئاخوندە کۆنەپەرستەکان، دوکتور "شەڕەفکەندی" کردبوو بە سەرکردەیەکی مەزنەن و چەقڵی چاوی دەسەڵاتدارە پاوانخواز و کۆنەپەرستانەکانی تاران، هەربۆیە کەوتنە پیلان داڕشتن بۆ ئەو ڕێبەرە.

بێگومان "ڕاسان"، کە ئێستا بووەتە گوتار و دیسکۆرسێکی هەمەگیر و فرەڕەهەند و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر باڵا دەکات، بە گوڵستانی بیر و ئەندێشەی گەورەی ڕێبەرانمان، یەک لەوان دوکتور "شەرەفکەندیـ"ـ‌دا تێدەپەڕێ و هەڵگری مەشخەڵانی شۆڕشێکی نوێیە بۆ ئازادی سیاسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ ئێران و کوردستان. هەر بۆیە ئێستا کوڕان و کچانی بەورەی دێموکڕات، بە ئاڵای "ڕاسانـ"ـەوە لە هەمووکات بە هێزتر لە چیا سەرکەشەکانی کوردستاندا گۆڤەندی ئازادی دەگێڕن و تەیار بە بیر و ئەندێشەی "قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی" چاوەڕوانی دەرفەتێکن هەتا خاکی پیرۆزی کوردستان لە چەکمەی پیسی داگیرکەران پاک کەنەوە و بینای کوردستانێکی ئازاد، دێموکرات و دادپەروەر دابڕێژن.

لە یادی ٢٩ ساڵەی شەهیدبوونی ئەو ڕێبەرە مەزنەدا پەیمان و بەڵێن دەگەڵ ڕێگە و ڕێبازی دوکتور شەرەفکەندی و گشت شەهیدان نوێ‌دەکەینەوە کە لە سەنگەری خەباتی "شار"دا هەتا دوا دڵۆپی خوێن، درێژەپێدەری ڕێبازە پیرۆزەکەیان بین و یان سەردەکەوین و ئامانج و ئارەزووە مەزنەکانیان وەدیدێنین، یا ئێمەش بە شانازییەوە سەردەنێینەوە و لەگەڵ کاروانی سوورخەڵاتی نەمران دەکەوین.

سڵاو لە ڕێبەران، قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی

سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان خۆشەویستی شەهیدانی ڕیبەر و باسکی بەهێزی وەدیهێنەری ئامانجەکانی گەلەکەمان

مردن و نەمان بۆ کۆماری تێرۆریستیی ئاخوندی و داڕێژەرانی جینایەتی "میکۆنووس"