کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یزاکا بەبۆنەی جەژنی قوربان

12:28 - 17 پووشپەڕ 2722

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی جەژنی قوربان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

 اللە اکبر اللە اکبر اللە اکبر لا الە الا اللە، اللە اکبر اللە اکبر و للە الحمد

سەرەتا بەبۆنەی جەژنی قوربان، جەژنی زیارەتکارانی ماڵی خودا، لە هەموو باوەڕدارانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و حاجیانی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و هەموو تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری پیرۆزبایی دەکەین.

جەژنی قوربان(عید الاضحی) یەکێک لەو مەڕاسمە پڕ نرخانەی ئایینی ئیسلامە کە هەر ساڵە پاش ٩ی ذیحجه واته نۆمینەی حاجیان، ئەنجام دەدرێت، مسوڵمانان بە قوربانیکردنی ئاژەڵ، هاوکاری هەژاران دەکەن و دڵیان شاد دەکەن، قوربانیکردن لە سێ مەزهەبی شافعی، مالکی، حەنبەڵی لە سەر موسوڵمانان سووننەتە و لە مەزهەبی حەنەفی بۆ دەوڵەمەندەکان واجیبە، پاش نوێژی جەژن ئەم ئەرکە ئەنجام دەدرێت.

پاشان مسوڵمانەکانی کوردستان بە سەردانکردنی یەکتر و گەردن ئازادی لێکتر وەرگرتن بە دانی شیرینی و شکولات و جێژنەکە دەڕازێننەوە، ئەم نەریتە لە ناو کوردەواریدا بڕەوی زۆرە و دەکرێت بەڵەین لە جووانییەکانی مسوڵمانی کوردە بۆ پێشوازیکردنی جەژنی قوربان و تەواو بوونی ئەم فەریزەیە کە یەکێکە لە ئەرکە پیرۆزەکانی ئایینی ئیسلام.

لە ڕۆژانی جەژن کە چوار ڕۆژ دەخایەنێت، زۆر پێویستە سەردانی بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و چینی هەژاری کۆمەڵگا بکردرێت و بەشداریان بکەن لە خۆشی و شادییەکانتان.

لە خودای گەورە ئەپاڕێینەوە زیارەتی زیارەتکارانی ماڵی پیرۆزی خۆی قەبوڵ بکات و ئەم زیارەتە بە نەسیب هەر موسوڵمانێک بکات، خودای گەورە جەژنمان پڕ خێر و خۆشی و شادی و ئازادی و ڕزگاری بکات. والسلام علیکم

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

١٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی