کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی "یزاکا" بەبۆنەی شەهیدکرانی سێ ژینگەپارێزی شاری پاوە

18:12 - 9 پووشپەڕ 2720

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، لەمەڕ شەهیدکرانی سێ چالاکوانی ژینگەپاریزیی شاری پاوە لە ئاگرتێبەردانەکانی ناوچەی بۆزین و مەرەخێڵ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان، ژینگەپارێزانی نیشتمان!

هەروەک ئاگادارن ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پوشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، سێ چالاکی ژینگەپارێزی بەهۆی سووتان لە دارستانەکانی پاوە گیانیان بەختی سەوزایی کوردستان کرد.

ڕێژیمی دژەمرۆیی ئێران لە درێژەی پیلانە نگریسەکانی خۆیدا بۆ سووتاندنی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو، ساڵانێکە بە شێوازی جۆراوجۆر ئاگر بەر دەداتە دارستان و ژینگەی نیشتمان.

دیارە ئەم سیاسەتە چەپەڵەی کۆماری بەناو ئیسلامیی ئێران بۆ هیچ لایەنێک نامۆ نییە و ڕای گشتی ئاگاداری ئەو پیلانە نگریسەی ڕێژیمن، مەخابن ئەمجارەش بەهۆی ئاگربەردانی دارستانەکانی دەڤەری هەورامانی ڕازاوە و بووکی کوردستان لە ناوچەی "بۆزین و مەرەخێڵ"، ئاگریان بەردایە جەستەی نیشتمان.

بەم هۆیەوەش ژینگەپارێزان، هەروەکوو ڕابردوو هەستان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام بەداخەوە سێ لاوی دڵسۆزی نیشتمان خۆیان کرد بە قەقنەس و جەستەیان بوو بە خۆڵەمێش بۆ پاراستنی ژینگە و سەوزایی کوردستان، شەهیدانی ئەمجارەمان بریتین لە "موختار خەندانی"، "بیلال ئەمینی" و "یاسین کەریمی".

کۆماری دژەکوردی ئێران، دوژمنی ژینگە و دار و بەردی ئەم وڵاتەیە، هیچکات ڕێگە نادات کوردستانێکی پڕپیت و سەوزاییەکی ڕەنگینی هەبێت، بۆیە ئەرکە لەسەر شانی هەر نیشتمانپەروەرێکی دڵسۆز بە گژ ئەم سیاسەتە دوژمنکارانەی کۆماری پەت و سێدارەدا بچێتەوە و ڕێگا نەدەن چیتر خاک و وڵاتمان بسووتێنن و لاوانمان بە ئاگری ناحەزان هەڵقرچێنن.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، وێڕای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی ئەم پۆلە شەهیدانە، سەرەخۆشی لە سەرجەم بنەماڵەکانیان و هەموو ژینگەپارێزانی نیشتمان دەکات و هەروەها ئەو کردەوانەی ڕێژیمی کۆماری بەناو ئیسلامی مەحکووم دەکات.