یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٣٣هەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە پەیامێکدا بۆ جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆیان لە ڕێبازی شەهید دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات نوێ کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانییان و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری!
لە ساڵوەگەڕی تێرۆری ڕێبەری ناوداری کورد، دوکتور ''عەبدولڕەحمان قاسملوو''، بە دەست تێرۆریستانی کۆماری بەناو ئیسلامیی ئێران لە شاری ڤییەن، پێتەختی وڵاتی ئوتریش، برینەکانمان دەکولێنێتەوە و بیرمان دەخاتەوە لەم جیهانە بەناو دێموکرات و ئازادیخوازانەدا، بێ ئەخلاقی لە سیاسەتدا چۆن بووەتە مۆرکەی گیانی ئازادیخوازان!
هزر و ئەندێشەی ''قاسملوو'' نەک هەر بۆ تاکی کورد و ڕێبوارانی ڕێگای قاسملوو، بەڵکوو بۆ هەموو ئازادیخوازێک لە ئێران و بگرە جیهانیش جێگای شانازییە، چوونکە قاسملوو مەکتەبێکی مرۆڤدۆست و ئازادیخواز بوو، ئەو لەسەر بنەمای دادپەروەری و ئازادیی گەلان و دێموکراسییەکی واقعی وانەبێژ بوو.
دوکتور قاسملوو مرۆڤێکی پڕاگماتیست، ئاشتیخواز و ڕووناکبیرێکی سیاسی بوو، بۆیە تێرۆری ناجوامێرانەی ئەو لەلایەن تاریکپەرستانی ویلایەتی نابەحەقی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بێدەنگی و بێ هەڵوێستیی وڵاتی ئوتریش نەنگ و سەرشۆڕییەکی مێژووییە هەم بۆ دەسەڵاتی ئێران و هەم بۆ دەسەڵاتی ئوتریش.
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران جارێکی تر پشتیوانیی خۆی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبازی شەهیدی ڕێبەر دوکتور ''قاسملوو'' نوێ دەکاتەوە.
سڵاو دەنێرین بۆ ڕووحی پاکی شەهیدی ڕێبەر و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان.
بڕووخێت کۆشکی زۆرداری و داگیرکاریی کۆماری پەت و سێدارە و تێرۆری ئێران.
سەرکەوێت بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
٢١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی