کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی "یزاکا" بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان

10:57 - 30 بەفرانبار 2721

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێزان ڕێبەرایەتی و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاونیشتمانیان و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران یادی دامەزرانی کۆماری پڕشکۆی کوردستان لە ئێوە ئازیزان پیرۆزبایی دەکات.

کۆماری کوردستان لە سەردەمێک دامەزرا کە کێشەی نێوان زلهێزانی وەک ڕۆژاواییەکان و ڕووسیە کە خاکی کوردستانیان لە نێوان خۆیان دابەش و داگیر کردبوو واتە ڕۆژاواییەکان لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و ڕووس لە باکوور و ڕۆژاوا، خەریکی ململانێکردنی یەکتربوون لەمەڕ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان، لە لایەکی‌ترەوە ڕێژیمی پەهلەوی تووشی زەعف و پاشەکشە بوو، بۆیە دڵسۆزانی کورد بە سەرۆکایەتیی پێشەوای نەمر لە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی بە کەڵکوەرگرتن لەم دەرفەتە توانیان لە مەهاباد و شارەکانی دەوروبەر کە دوور بوو لە دەستێوەردانی زلهێزان، بە پاڵپشتی خەڵکی نیشتیمانپەروەر و تێکۆشەرانی بەشەکانی‌تری کوردستان کۆماری کوردستان دامەزرێنن.

کۆماری کوردستان وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە شۆڕش و بەرخودانی گەلی کورد و خاڵی دەستپێکی شۆڕشێکی نوێ و سەردەمیانە بوو لە جووڵانەوەی گەلی کورد و بوو بە پێشەنگی دامەزرانی چەندین پارتی سیاسی مودێڕن لە هەر چوار پارچەی کوردستان.

کورد بۆ یەکەمجار دەسەڵاتی سەربەخۆی خۆی تاقی کردەوە و بە حەق نیشانی جیهانیدا کە کورد توانای بەڕێوەبردنی دەسەڵاتێکی مۆدێڕن و دێموکرات و سەردەمیانەیە، کۆماری کوردستان لەم سەردەمەدا لە خۆرهەڵاتی ناوین و ناوچەکە نموونەیەکی تازە و سەردەمیانە بوو کە کەم‌وێنە یان هەر نەبوو.

کۆماری کوردستان چەندین دەسکەوتی مێژوویی بۆ کورد تۆمار کرد وەک دروستکردنی هێزی پێشمەرگە،  ئاڵا، سروودی نەتەوەیی و دامەزرانی چەندین ڕێکخراوی وەک ژنان، لاوان و چەندین گۆڤار و ڕۆژنامە و پەڕتووک، هەروەها کۆمار بوو بە هۆی کۆکردنەوەی هەموو هێزە شۆڕشگێرەکانی کوردستانی گەورە و گشتیان لە ژێر ئاڵای کوردستان بوون بە خاوەن دەوڵەتێکی هەرچەند بچووک بەڵام قەبوڵکراو.

ئەگەرچی تەمەنی کۆمار کەم بوو و لە ١١ مانگ زیاتر نەبوو بەڵام توانی کورد بە گشتی یەک دەنگ و یەک ئامانج بکات.

جارێکیتر بەم بۆنە پیرۆزەوە، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرجەم شۆڕشگێرانی کورد خەڵکی بەشەڕەف و نیشتیمانپەروەر، بنەماڵەی شەهیدانی سەربەرز و زیندانیانی خۆڕاگری سیاسی دەکەین، ئاواتەخوازین بە یەکگرتوویی و یەکبوون، ئامانجەکانی گەلەکەمان بەدی بێت.

سڵاو لە پێشەوای کوردان و سڵاو لە گشت خەباتگێڕانی کورد

بڕووخێت دەسەڵاتی داگیرکەری کوردستان.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

٣٠ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی