کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ

11:32 - 27 گەلاوێژ 2720

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی پیرۆزبایی بۆ حیزبی دێموکرات نارد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بروسکەی پیرۆزبایی

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

بەڕێزان، سکرتێر و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

 ب/ پیرۆزبایی

بەبۆنەی یادی یووبیلی ئەڵماسیی دامەزراندنی حیزبەکەتانەوە، سەرەتا پیرۆزبایی خۆمان بە جەنابتان و کادر و ئەندامانتان ڕادەگەیەنین .

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له هەلومەرجێکی سەختی دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی دووەمدا، بە ڕێبەرایەتیی "پێشەوا قازی محەممەد" و هاوکارانی، خۆی ڕاگەیاند.

 ئومێد دەکەین کە یادی ٧٥ ساڵەی ئەم حیزبە، ببێتە وێستگەیەکی گرینگی بەخۆداچوونەوە، لەپێناو پاراستنی یەکڕیزی و هەروەها جەختکردنەوە لەسەر ڕێبازی ئاشتیخوازانە، لەپێناو چارەسەریی کێشەی گەلەکەماندا.

لە کۆتاییدا ئێمە لە "یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان" وێڕای پیرۆزبایی ئەو یادە، جەخت لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوانمان و مافە ڕەواکانی گەلی کوردمان و خەباتی ئاشتییانە و مەدەنییانە لەپێناویدا دەکەینەوە، بەجۆرێک کە زامنی برایەتی و پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان گەلانی ناوچەکە بێت، کە چەندین خاڵی گرینگی هاوبەش بەیەکەوە گرێیان دەدات و کۆتایی بە دوژمنایەتی و ڕق و کینە و شەڕ و ئاشووب بهێنێت و دەستەبەری ئارامی و ئۆقرەیی لە ناوچەکەدا بکات.

هەر شاد و ئاسوودە بن

 ئەنجومەنی جێبەجێکردنی

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

هەولێر ١٦ی ئابی ٢٠٢٠