کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی جێژنی قوربانەوە

11:33 - 10 گەلاوێژ 2720

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی جێژنی قوربان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بە ناوی خودای بەخشەندە و مێهربان

موسڵمانانی جیهان و باوەڕدارانی چوار پارچەی کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی خۆڕاگر و تێکۆشەرانی گەلەکەمان 

بەبۆنەی جێژنی پیرۆزی قوربانەوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەین و هیوادارین هەمیشە شاد و سەربەرز بژین.

هاونیشتیمانیان و باوەڕدارانی ئیسلام، حەج بڕگەیەکی گرینگی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە کە ساڵانە بەردەوام مسوڵمانان لە گشت جیهان بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە ئایینییە ڕوو دەکەنە ماڵی خودا و مەراسماتی حەج ئەنجام دەدەن، بەڵام بەداخەوە هەروەک ئاگادارن ئەمساڵ جیاواز لەگەڵ ساڵانی پێشوو ئەو ئەرکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا وەک خۆی بەڕێوە نەچوو.

ئێستا بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا مەترسییەکی کوشەندەیە بۆیە قەرەباڵغی و پشتگوێخستنی ڕێنوێنییەکانی پزشکان کارێکی نادروست و پێچەوانەی دەستووراتی ئایینی ئیسلامە.

بۆیە وێڕای پیرۆزباییمان داواکارین بە شێوەیەکی شارستانیانە لە ڕۆژانی جێژن هەڵسووکەوت بکەن و خۆتان و هاونیشتیمانیان لەو نەخۆشییە بپارێزن.

جارێکیتر جێژنتان پیرۆز و ژیانتان پڕ لە سڵامەتی و ئاشتی و خۆشگووزەرانی بێت.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

١٠ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی