کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی جێژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە

13:34 - 14 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، لە دووتوێی پەیامێکدا، پیرۆزبایی جێژنی پیرۆزی ڕەمەزانیان لە موسڵمانان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و کادر و پێشمەرگەکانی کوردستان کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بە ناوی خوداوەندی دلۆڤان.

بە بۆنەی جێژنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، پیرۆزبایی لە سەرجەم باوەڕدارانی موسوڵمان، هەر چوارپارچەی کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر و هەروەها کادر و پێشمەرگەکانی کوردستان دەکەین، هیوادارین ئەم جێژنە، جێژنی خۆشی و شادیی هەموو لایەک بێت و ئاشتی و ئازادی لە ژێردەستیی داگیرکەرانی کوردستان، بەدی بێت.

وەک یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران، داوا لە هەموو لایەک دەکەین، بە بۆنەی ئەم جێژنە ئایینییەوە، سەردانی گۆڕی شەهیدان و بنەماڵەی ڕێزداریان و زیندانیانی سیاسی بکەن و سەخاوەت بنوێنن و دڵشادیان بکەن، کە بێگومان، بێبەش نابن لە ئەجر و پاداشی خوداوەندی بەخشەندە. جێژنتان پیرۆز و ژیانتان شاد و سڵامەت بێت.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

١٢ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی