کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان

18:27 - 27 خەرمانان 2721

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور "سادق شەڕەفکەندی" و هاوڕێیانی پەیامێکیان بڵاو کردووەتەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

لە یادی ڕێبەرێکی بەهەڵوێستدا

٢٩ ساڵ پێش لە ئێستا، تێرۆریستانی نێردراوی ڕێژیمی ئێران، ئەوانەی کە چەکی مرۆڤکوژانەیان تێکەڵ بە هزری ژەهراویی کۆنەپەرستی کردبوو، لە ناوەندی گەشە و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و لە دڵی ئورووپادا دەستی ڕەشی تاوانبارییان بە ڕێبەرێکی بلیمەت و لێوەشاوەی کورد و هەروەها چەند کەس لە هاوڕێیانی گەیاند و خوێنیان ڕشتە سەر لاپەڕەکانی مێژوو و بۆ هەمیشە لەسەر دڵی دیرۆک تۆمار کرا کە ڕێژیمی کۆلۆنیالیستی توانای بینینی ڕووناکی نییە و بۆ بندەست هێشتنەوەی نەتەوە خاک داگیرکراوەکان، تەنیا و تەنیا زمانی هەڕەشە و توندوتیژی و کردەوەی تێرۆریستی دەزانێت.

لە ڕێستورانی "میکۆنووس"، لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی لە "بێرلینـ"ـی ئاڵمان دوکتور "سەعید" ڕێبەری بزاوتێکی پێشڕەو و نەتەوەیی و پڕ لە قوربانی، لەگەڵ چەند کەسایەتیی سیاسی دانیشتبوو هەتاکوو هاوڕێ و دۆست بۆ خەباتی کورد و ئازادیخوازی بە دەوری یەکەوە کۆ بکاتەوە و هەر وەک خۆی دەفەرمێت: "بە کۆبوونەوەی لقەکانی ڕووباری خەبات، ببن بە شەپۆلی دەریای بێ بنی شۆڕش و دەسەڵاتی ستەمکاری ڕاماڵن" بەڵام بەداخەوە دەستی تێرۆر، بە چاوساخیی خەیانەت کۆبوونەوەکەی خەڵتانی خوێن کرد.

دوکتۆر "سەعید شەرەفکەندی" ئەگەر بۆ پێشمەرگەکانی کوردستان، سکرتێری حیزبی و ڕێبەری شۆڕش بوو، بۆ لاوانی کورد چیایەک لە هەڵوێست و مامۆستایەکی بە ورە و لێزان و ڕێنوێنی هەمیشەیی بوو.

لاوانی کورد، وەکوو تاک و وەکوو ئەندامێکی کۆمەڵگایەکی داگیرکراو و ژێردەستی کۆلۆنیالیزمی تاران، لەژێر هەڕشە و تەوژمی زۆرداریی چەند ڕەهەندیدان. هەم وەکوو تاک هەموو ماف و شایانبوونێکیان لێ زەوت کراوە و ڕۆژانە لەلایەن دەسەڵاتەوە سووکایەتی بە کەرامەت و ئاوات و خولیاکانیان دەکرێت، هەم وەکوو ئەندامێکی کۆمەڵگای کوردستان دەچەوسێندرێنەوە و هەوڵ دەدرێت لە پێناسەی کوردبوون و کوردستانیبوون بەتاڵ بکرێنەوە و بکرێن بە بوونەوەرێکی بێ ناسانامە و سەرلێشێواو.

لەبەرامبەر وەها سیستمێکدا، ڕێبەرێک وەکوو دوکتور "سەعید"ی نەمر، چ ئەو کات ڕێنوێن بوو چ ئێستاش وانەکانی و کردەوەکانی نیشاندەری ڕاستەقینەی ڕێگای دروستی ژیانن.

هەر وەک دوکتور "سەعید"ی ڕێبەر دەفەرمێت: "با لاوانی کورد، کوڕ و کچ بزانن کە ژیان لە ئەسیری و ژێردەستیدا و بەسەرشۆڕی و شەرمەزارییەوە چەندە بێ قەدر و قیمەتە و لەبەرامبەردا، هەڵمژینی هەوای پاک و بێ گەردی ئازادی، چەندە خۆش و دڵڕفێنە".

ئەمە ئەو پەیامە گرینگ و گەورەیە کە لە گوێی مێژوودا زایەڵە دەداتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و نەوە بە دوای نەوە بە تاک تاکی لاوانی کورد دەگاتەوە و پێویستە هەموو لاوێک بیکاتە سەرباشقەی ژیان و شۆڕشی. چوونکە ژیان و شۆڕشی لاوی کورد تێکەڵ لاوێکن کە ناکرێت لێک جیا ببینرێن.

ژیانی ژێردەستی و بەسەرشۆڕییەوە نەک ژیان نییە، بەڵکوو بوون بە سووتەمەنیی سووکایەتی کۆلۆنیالیزمی حاکمه و لەوێدا نەک ژیان تەنانەت خەونیش بێ قیمەتە و گەر لاوێک لە بەرامبەر زۆرداری و ستەمکاری و کولۆنیالیزمدا هەلوێست دەگرێت و ئیرادەی ئازادی ئینسانیی خۆی دەسەلمێنێت، هەڵمژینی ئەو هەوایە دڵ بەرە و لووتکەی بوون دەڕفێنێت.

لە دوای ٢٩ ساڵ لەو تێرۆرە ڕەشە لەمڕۆدا دەبینینەوە کە کۆلۆنیالیزمی ڕووهەڵماڵڕاو چۆن هرووژمی هێناوەتە سەر پێناسە و کەرامەتی  بوون  و نەتەوەییمان و گەورەترین وانەیەک کە لاوانی کورد دەتوانن لە ڕێبەرەکەیانەوە دوکتۆر "سەعید" بە کردەیی جێبەجێی بکەن ئەوەیە کە هەرکامەیان دەور و ئەرکیان لە ژیانی نەتەوە و شۆڕشی کوردستاندا بە ڕوونی بگێڕن.

لەم قۆناغە هەستیارەی خەباتی کوردستاندا کە ڕاسانی ڕۆژهەڵات بەڕێوەیە و کوردستان خوێنی لێ دەتکێت، جارێکی دیکە پەیامی گرینگی ڕاسان وەبیر دێنینەوە کە دووپاتکەری هەمان پەیامی دوکتور "سەعید شەرەفکەندی" بوو کە لاوان بە سەربەرزییەوە ڕێگای خەباتی پڕشکۆ بگرنە بەر.

 ئەم خەباتە پڕ شکۆ و شانازییە هەر لە بەر دەرکی هەر ماڵێکی کوردستانەوە دەست پێ دەکات هەتا دەچێتە نێو هەموو قوتابخانە و بنکەیەکی ئیداری و هەموو شەقامێکی شار و  هەتا دەگاتە لووتکە و شاخەکانی کوردستان. هەر وەکو دوکتور "شەڕەفکەندی" دەفەرمێت، بۆ خەبات چ زۆرە، ڕێگا!

لەپێناوی ژیانی سەربەرزانەی ئەمڕۆ و بەختەوەریی داهاتوومان و گەشانەوەی نیشتمانماندا، لاوانی کورد وێڕای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبەرانی شەهید و هەموو شەهیدانی کوردستان، بەڵێن و پەیمان لەگەڵ دوکتۆر شەڕەفکەندی نموونە و  سەرباشقەی هەڵوێست و ئیرادەی شۆڕش نوێ دەکەنەوە و پەیمان دەددەن کە وەکوو لاوێکی دەروەست و بەهەڵوێستی کورد هەر کامیان، ئەرکی خۆی لەپێناوی بونیاتنانەوەی نیشتمانێکدا کە هەوای دڵڕفێنی ئازادی دار و باخەکانی دەگەشێنێتەوە بەجێ دەگەیەنێت.

یادی ڕێبەرانی شەهید بەرز

ڕێگای پڕ شکۆی خەباتیان پڕ رێبوار

نەمان بۆ سیستمی کۆلۆنیالیستیی تاران

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢١ی کوردی