کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، بۆ ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور "قاسملوو" پەیامێکیان بڵاو کردەوە

13:05 - 21 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بۆ ٣٣هەمین ساڵڤەگەڕی تێرۆرکرانی ڕێبەری ناوداری کورد شەهید دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران، یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

تێرۆری ناجوامێرانەی ڕێبەری زانا و بلیمەتی نەتەوەی کورد لەسەر مێزی وتووێژ لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بیرتەسک و دواکەتوویی ئاخوندی باوەڕی بە مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران نییە. هەر بۆیە ڕێژیمی ئێران، ئیستاش داخوازییە ڕەواکان و ناڕەزایەتی و جووڵەی بزووتنەوە مافویستەکان، بەتایبەت بزووتنەوەی مامۆستایان بە دەرکردن و هەڕەشەکردن و گرتن و زیندان، وڵام دەداتەوە.

ئیستا دەیان مامۆستای کورد و مامۆستای نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە تاوانی مافویستی زیندانی کراون و ئەشکەنجە دەدرێن.

لە ٣٣هەمین ساڵڤەگەڕی مامۆستای زانکۆ و ڕێبەری ناوداری کورد شەهید د."قاسملوو" لەگەڵ ڕێبازە ڕەوا و پیرۆزەکەی هەتا سەرکەوتن بەڵێن و پەیمان نوێ دەکەینەوە.

سڵاو لە خۆڕاگریی مامۆستایانی کورد لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا

سەرکەوێ بزووتنەوەی مافخوازیی گەلی کورد

نەمری بۆ قاسملووی شەهید

٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ی کوردی