![](/content/upload/1/news/24857_w920.jpg)
یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بەنیسبەت ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان لە ئێران و کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی کوردستان لەسەر شەش خاڵ پێداگریی کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
مامۆستایانی تێکۆشەر!
"داواکاری و مافخوازی و مانگرتن، بناغەی شارۆمەندی و جاڕنامەی مافی مرۆڤه".
یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران وێڕای ماندوونەبوون و به ڕواناسینی ناڕەزایەتی و مانگرتنی مامۆستایانی کوردستان و ئێران بۆ مافەکانیان، پشتیوانیی خۆی لە ناڕەزایەتی و مانگرتن و تێکۆشانی ڕەوای مامۆستایان دووپات دەکاتەوە.
هەروەها لەسەر ئەو شەش خاڵە پێداگری دەکات و داوا لە ئەنجوومەنە پیشەییەکانی مامۆستایانی کوردستان و ئێران دەکات تا گەیشتن بە مافە ڕەواکانی مامۆستایان لە ناڕەزایەتی و مانگرتن بەردەوام بن.
١- ئازادکردنی هەموو مامۆستایانی بەندکراو لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران.
٢- پشتیوانیی ئابووری و مەعەنەوی لە بنەماڵەی مامۆستایانی بەندکراو.
٣- پشتیوانی لە بەڕێوچوونی سەنەدی ٢٠٣٠ی یونسکۆ لە پەروەردەی ئێراندا.
٤- پشتیوانی لە سیستمی پەروەردەیەکی سەردەمیانه به هەموو ڕهەندەکانی فێرکاری و ئاموزشی و فیزیکی لە ئاستی ستانداردی جیهانی و ناوچەیی.
٥- دژایەتیکردنی تەواو لەگەڵ پاوانخوازیی ئیداراتی گوزینیش و ئیتلاعات و بەسیج بۆ گوزینشی مامۆستایان.
٦- دژایەتیکردنی تەواو لەگەڵ ناسەردەمیانەبوونی سەنەدی تەحەولیی بۆنیادی شورای عالیی پەروەردە و ڕاهێنانی ڕێژیم بۆ ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی.
یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران
٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ی کوردی