کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٤ی ڕەشەمە

18:05 - 24 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٤ی ڕەشەمە، ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پەیامێکی پێشکەش کرد.

ئەم پەیامە لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە ٧٣مین ساڵڕۆژی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن "ژیلا موستەئیجر" ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران  خوێندرایەوە.

دەقی پەیامەکە:

هاونیشتیمانیانی خۆشەویست!

ژنانی تێکۆشەری گەلەکەمان!

مێژووی سیاسی و خەباتی نەتەوەیی گەلەکەمان لە سەدەی رابردوودا، گەلێک وێستگەی جۆراوجۆری لە پێناو دابینبوونی مافی نەتەوایەتیی و یەکسانی لە کۆمەڵگای کوردەواریدا تێپەڕاندووە کە، هەرکام لە وێستگەکان شایەنی ئەوەن، هەڵوێستەیان لەسەر بکرێت و نەتەنیا لە چوارچێوەی پەیامێکی کورت و تایبەتدا، بەڵکوو چەندین لێکۆڵینەوە و بابەتی تایبەتییان لەسر بنووسرێت و شی بکرێنەوە.

یەکێک لەو وێستگانە کە ئەمڕۆ مەبەستمانە لەسەری بدوێین، ٢٤ی رەشەمە، واتە ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە، کە گرێدراوە بە کۆمارە دیموکراتیکەکەی کوردستان لە شاری مەهاباد.

ژنانی تێکۆشەری کوردستان!

خەمخۆرانی دۆزی ڕەوای گەلی کورد!

ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی دەرفەتێکی گونجاو و لەبار بۆ گەلەکەمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هاتە ئاراوە کە تێیدا، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ڕێبەرایەتی پێشەوای مەزنی کوردان، یەکەمین کیانی کوردیی لە شکڵی کۆماریدا ڕاگەیاند. کۆمارێک کە ڕاستە کەم تەمەن و جوانەمەرگ بوو، بەڵام لە ماوەی ١١ مانگی تەمەنیی خۆیدا، خەرمانێک دەسکەوت و بەرهەمی بەنرخیی وەکوو ئاڵای کوردستان و ناوی بەرزی پێشمەرگە  و سروودی  "ئەی رەقیب" و یەکیەتی ژنان و یەکیەتی لاوانی بەدوای خۆیدا هێنا کە تا ئێستاش، نەتەنیا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی بەرچاوی لە خەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستانی داگیرکراودا هەبووە و هەیە.

یەکێک لەو دەسکەوتانە ئەوەبوو کە لە ٢٤ی رەشەمەی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا، رێکخراوی یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ژێر سێبەری کۆماری دیموکراتیکی کوردستان لەدایک بوو. هەڵبەت ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە دامەزراندنی یەکیەتی ژنان لە سەردەمێکدا بوو کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران بە گشتی و کۆمەڵگای کوردی بەتایبەتی، لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتورییەوە لە دۆخێکی نالەباری دواکەوتووییدا بوو، هەر بۆیە دامەزراندنی یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستان ئێران بوو بە بزوێنوەر و خاڵی وەرچەرخانی دۆخی ژنان لە کوردستاندا.

ژنانی مافخوازی کوردستان!

مێژوو شایەدی ئەوەمان بۆ دەدات کە دامەزراندنی یەکیەتی ژنان، بوو بە دەروازەیەک کە ژنانی گەلە بەشخوراوەکەمان بۆ یەکەمجار، بە شێوەی رێکخڕاو و سیستماتیک و بە ئۆرگانیزاسیۆنێکی سەردەمیانە، تێکەل بە خەباتی ڕزگاریخوازی و مافخوازانەی گەلەکەمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بن و هەر وەک بینیمان، یەکیەتی ژنان و بە گشتی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات لە هەوڵدان بۆ خۆڕێکخستن و هاندانی ژنان لە سەرانسەری ئێران بۆ بەشداری لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، درێغییان نەکردووە.

هاونیشتیمانییانی خۆشەویست!

یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەکاتێکدا ئەو پەیامەتان پێشکەش دەکات کە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و گەلی کورد و کوردستانی ڕۆژهەڵات بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت. جۆغرافیای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرەو گۆڕان دەروات، کوردستانی باشوور جارێکی دیکە بەرەو سەقامگیری دەڕوات، کوردستانی ڕۆژئاوا دەسکەوتی باشی نەتەوەیی بووە و تەنیا پێویستیی بە سیاسەتی حەکیمانە و بەشداریی هەمەلایەنەی کوردانی خۆی هەیە، دەوڵەتی تورکیا تەریک کەوتووە و گوشاری ئابووریی لەسەرە و لە هەموویان گرینگتر، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی ئیزۆلە بووە و دۆخی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی بە تەواوی شڵەژاوە و بە بەردەوامی گوشارە نێونەتەوییەکان، پێشبینی ئەگەری سەرهڵدانی شؤڕش لە ئێراندا دەکرێت و سیاسەتە نێودەوڵەتی و میدیا جیهانییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە، هەموو لایەنێکی دەرەکی و نێوخۆیی ئێرانی، خۆیان بۆ هاتنە ئارای ئاڵۆگۆڕ لە وڵاتدا ئامادە کردووە و ئامادە دەکەن.

بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کە ژنانی تێکۆشەری ئێران بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی، چالاکتر لە جاران لە هەموو بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵاتی و کلتووریەکاندا ڕۆڵ بگێڕن و هاوتەریب لەگەڵ چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا، بۆ مسۆگەرکردنی ئازادییە نەتەوەیی و تاکەکەسییەکانی خۆیان تێبکۆشن. هەروەک کە بینیمان لە خەباتی نوێی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات، کە بە کۆدی "ڕاسان" ناسراوە، ژنان و کچانی ڕۆژهەڵات پێ بە پێی کوڕان و پیاوان لە سەنگەرەکانی خەبات و بەرخۆداندا، ڕۆڵی دڵخۆشکەر و ئەرێنییان بینیوە.

لەو ڕاستایەدا پێویستە کە ژنانی تێکۆشەر، لە هەموو دەرفەتێک بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی هۆشیاری و هەڵکشانی داخوازییەکانییان کەڵک وەرگرن و هەوڵ بدەن کە وزە و تواناکانیان لەو ڕاستایەدا ڕێک بخەن و سازمان بدەن، تاکوو لەو ڕێگایەوە و بە هاوکاری حیزب و لایەنە سیاسییەکان، ویست و داخوازییەکانییان دەستەبەر بکەن.

ژنانی مافویستی کوردستان!

جێگەی خۆیەتی کە لەو ڕۆژە پێرۆز و بە شکۆیەدا، سەرەڕای سپاس و پێزانینی خۆمان بۆ پشتگیرییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە بە درێژایی تەمەنی ڕێکخراوەکەمان بە بێ پسانەوە بەردەوام بووە،

جارێکی دیکە پیرۆزبایی ٢٤ی رەشەمە، ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە خەڵکی کوردستان بە گشتی و ژنانی خەباتکار و مافویستی گەلەکەمان بەتایبەتی بکەین.

یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران

٢٤ی رەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی

١٥ی مارسی ٢٠١٩ی زائینی