کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتییەکانی خوێندکاران، ژنان و لاوانی دێموکرات بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

14:04 - 10 خاکەلێوه 2721

یەکیەتییەکانی خوێندکاران، ژنان و لاوانی دێموکرات بەبۆنەی ۱۰ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان پەیامێکیان بڵاو کردەوە و جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بۆ گەیشتن بە ڕزگاری و ئازادی دەبێ نرخێکی گرانتر و قورستر بەنیسبەت ڕابردوو بدەین.

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!

خەڵکی خۆشەویست و بەئەمەگی کوردستان!

زیندانییانی سیاسیی کورد و ڕزگاریخوازانی کوردستان!

هەر وەک دەزانن١٠ی خاکەلێوەی ٧٤  ساڵ پێش، بەربەیانیی زوو، یەکەم سەرکۆماری کوردستان  پێشەوا ''قازی محەممەد'' و هاوڕێیانی ''سەیفی قازی و سەدری قازیی''، لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد، لەلایەن بەناو دادگای حکوومەتی پەهلەوییەوە لە سێدارە دران و گیانی ئازیزیان بە خاکی پاکی کوردستان سپارد، بۆیە ئەم ڕۆژە کە لە بیرەوەریی کورددا وەکوو بیرەوەرییەکی تاڵ و ناخۆش سەیر دەکرێت، لە ئێستەدا کراوەتە هێمایەک بۆ یادکردنەوە شەهیدانی کوردستان و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازەکەیان.

ئەم کۆمارە، کە ئاوات و هیوای میلیۆنان کوردی بندەست و بێدەسەڵات و یەکەم دەسکەوت و سیستمی دێموکراتیک و مودێڕنی کورد لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو، پاش یازدە مانگ و چەند ڕۆژ لە دامەزرانی، بەهۆی پیلانە دەرەکی، ناوچەیی و نێوخۆییەکانەوە، کەوتە بەرهێرشی بێبەزەییانەی ئەرتشی حکوومەتی ''محەممەد ڕەزا'' شای پەهلەوی و جوانەمەرگ کرا.

نەمامی ئەم ئاواتە دێرینەی کورد کە تازە خەریک بوو چرۆ دەر بکات و ئەم نەتەوە چەوساوەیە لە سێبەریدا بحەسێتەوە، کەوتە بەر تەوری سپای داگیرکەرەوە و شایی و خۆشیی خەڵک بوو بە خەم و شیوەن، خەباتکارانی کوردیش کە ئاواتی دواڕۆژی گەلەکەیان بوون یان بە دەستی سپای داگیرکەرانەوە شەهید و ئەسیر بوون یان ئاوارە و پەڕیوەی وڵاتانی دەرەوە.

نەتەوەی کورد لەپێناو ڕزگاری و سەربەستیدا، گەلێک ڕۆڵەی ئازا و بەجەرگی فیدا کردووە و هەتا ئێستەش بە ئامانجەکانی نەگەیشتووە، بەڵام ئەو زام و خەسارەی کە لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری کوردستان هەڵی گرتووە، زامێک قووڵ و بەسۆیە کە ئێستاشی لەگەڵ بێت ساڕێژ نەکراوە، چونکە ئەم دەسکەوتە ئاواتی لەمێژینەی ئەم نەتەوە بەشخوراوە بوو و لە ڕوانگەی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە دەسکەوت و دەرفەتێکی بێوێنە و بەنرخ بوو کە قەبووڵکردنی لەلایەن داگیرکەرانی کوردستان بەتایبەت دەسەڵاتی سەرەڕۆی پەهلەوییەوە ئەستەم بوو.

دەسەڵاتێک کە ئیدعای شارستانیبوونی هەزاران ساڵەی دەکرد، بەڵام لە بەراورد لەگەڵ کۆماری ساوای کوردستان زۆر دواکەوتوو و لەپاش بوو، چونکە وەک لە ناوەکانیاندا دیارە کۆماری کوردستان لەلایەن خەڵکەوە ئیدارە دەکرا و سیستمی پاشایەتی لەلایەن تاکەکەسێکەوە کە خۆی بە سێبەری خودا لەسەر زەوی دەزانی، کونتڕۆڵ و چاوەدێری دەکرا.

بۆیە هەڵەمان نەکردووە، ئەگەر بڵێین جیا لەوەی کە دوژمنانی کورد لەو کاتەش وەکوو ئێستە چاویان بە سەروەری و دەسەڵاتێکی کوردی هەڵ نەهاتووە، سەرهەڵدانی حکوومەتێکی تەواو دێموکرات لە تەنیشتیاندا و کاریگەریی ئەم حکوومەتە لەسەر ڕوانگەی خەڵکەکەیان بە مەترسی و هەڕەشە زانیبێت، چونکە ئێستەشی لەگەڵ بێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بەتایبەتی، فۆرم و قەواریەکی پێشکەوتوو و تەواو دێموکراتیکی هاوشێوەی کۆماری کوردستانیان بەخۆوە نەدیوە.

ئێمەی کورد کە خاوەن وەها دەسکەوتێکی مێژوویی و سیاسین و لە وەها هەڵکەوتەیەکی جوغرافیاییدا هەڵکەوتووین کە لە گەمارۆی داگیرکەرانی دواکەوتوو و بە دوور لە هەر بۆچوونێکی دێموکراتیک دایە، ڕێگای گەیشتن بە سەربەستی و ڕزگاریمان ئەستەم و دژوارە و نرخی ئەم گەیشتنەیشمان نرخێکی گران و بگرە قورستر لەوەی بێت کە هەتا ئێستا داومانە، هەر بۆیە وەک شەهیدی ڕێبەرمان دوکتور قاسملوو فەرموویەتی: ''نابێ لە کاتی شەهیدبوونی هاوسەنگەرکانمان بگرین و فرمیسکی بڕژێنین، بەڵکوو دەبێت بە درێژەدانی ڕێگایان نەهێڵین ڕێبازی پڕسەروەرییان ون ببێت، چونکە باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەدانی ڕێگایانە.

سەرکەوێت بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد

بڕووخێت سیستمی کۆلۆنالیزمیی داگیرکەرانی کوردستان

ڕۆحی شەهیدانی ڕزگاریی کوردستان شاد و ڕێگایان بەردەوام

یەکیەتییەکانی خوێندکاران، ژنان و لاوانی دێموکرات

٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی