کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەكيەتیى پیشەیی مامۆستایان سەبارەت بە زیندانیکردنی مامۆستايانى قوتابخانەکان

18:13 - 29 بانەمەڕ 2722

یەكيەتیى پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە گرتن و زیندانیکردنی مامۆستايانى قوتابخانەکان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

مامۆستایانی ئازیز!

خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان!

هەروەک ئاگادارين دۆخی مامۆستايانی کوردستان و ئێران له‌ژێر دەسەڵاتى ڕەشى ڕێژیمی ئیسلامیى ئێران، چ له بوارى پيشەيی و بژێویی ژیان و چ له بوارى ئازادیی ڕادەربڕین له قوتابخانەكاندا زۆر خراپتر دەبێت.

 مامۆستایان کە خۆیان بە خەمخۆری خەڵک و قوتابیيان دەزانن، سەبارەت بەو دۆخە هەستی خۆیان بە مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوا دەکەن ڕێژیم دۆخی ژیانی مامۆستايان  و ئاستی خوێندن لە قوتابخانەکان باشتر بکات.

هەروەها داوا دەکەن بەرپرسانی قوتابخانەکان بۆ بەڕێوبردنی ئەرکی قوتابخانەکان خۆيان بڕياردەر بن.

هەروەها مامۆستایان داوا دەکەن بۆ تەرخانكردنى بودجە، مووچە و پاداشی خانەنشینەکان، جیاوازی لەنێوان په‌روەردە و بارهێنان لەگەڵ ئۆرگانەکانی نیزامی و ئەمنییەتی وەک سپای تێرۆریستی پاسداران دانەنرێت.

بۆچی بۆ سپای تێرۆریستی پاسداران هەموو بودجەیەک دابین دەکرێت، بەڵام بۆ قوتابخانەکان هیچ بودجەیەک دابین ناکرێت؟ هەروەها مووچەى پاسدارێكى تێرۆريست چەندین بەرابەری مووچەی مامۆستایەکی قوتابخانەیە.

سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و زۆرە، بەداخەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، مامۆستایان کە بۆ وەدیهێنانی مافه پيشەیيەكانيان، مانگرتن و ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد، بەداخەوە کاربەدەستانی ڕێژیم بە گرتن و زیندانیکردن و هەڕەشەی دەرکردن لە مامۆستایان، وڵامی مامۆستایانیان دایەوە.

 یەكيەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئیران، گرتن، ڕاوەدوونان، زیندانیکردن، ئەشکەنجەکردن و هەڕەشەی دەرکردنی مامۆستایان و بەتايبەت مامۆستايانى كورد بە توندی مەحکووم دەکات و داوا لە گشت مامۆستايانی ئێران و کوردستان دەکات، پاڵپشتی ئەو مامۆستا پێشڕەو و ئازاديخوازانه بن کە ئیستا به‌هۆى داكۆكیكردن له مافه ڕەواكانى مامۆستايان لە زیندان دەسبەسەر كراون.

بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی گشتی، ڕێژیمی ئيسلامىی ئێران بخەنە فشارەوە بۆ ئەوەی کە ئەو مامۆستایانە هەرچی زووتر ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە بۆ نێو بنەماڵە و قوتابخانەکان.

هەروەها داوا لە مامۆستايان دەکەین بە سەردان لە بنەماڵەی ئەو مامۆستایانە، پاڵپشتیی خۆیان نیشان بدەن كه ئێمەش هاوهەڵوێستی و دەنگى ناڕەزايەتیی خۆمان له‌هەمبەر گرتن و زيندانیكردنى مامۆستايانی كورد و نەتەوەكانى ديكەى ئێران هەڵدەبڕين.

یەكيەتیى پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

۲۹ی بانەمەڕی ۲۷٢٢ی کوردی