کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری سەقز بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز

11:57 - 25 سەرماوەز 2721

کۆمەڵێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەقز، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!

کەمئەندامانی سەنگەر!

زیندانییانی خۆڕاگری سیاسی!

پێشمەرگە قارەمانەکانی شاخ و شار!

لە شاری سەقزی هەمیشە دێموکراتەوە سڵاوتان بۆ دەنێرین و پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە ئێوە و هەموو خەڵکی بەشەرەفی کوردستان دەکەین .

۲٦ ی سەرماوەز ڕۆژی ڕێزگرتنە لە بوێری و گیانفیدایی ڕۆڵە بەجەرگەکانی کوردستان کە بە دژی داگیرکەر ڕاپەڕیون و پشتیان لە هەموو خۆشییەکانی ژیان کردووە. پێشمەرگە بۆ ژیان و داهاتوویەکی باشتر خەبات دەکات و لەم ڕێبازە پڕسەروەرییەدا ، شۆڕشگێڕانە و ماندویینەناسانە، ئاوات و خولیاکانی داگیرکەری کردووەتە بڵقی سەر ئاو  .

لەم ڕێبازەدا پێشمەرگەکان و بنەماڵە بەڕێزەکانیان زۆرترین ئازارەکان دەچێژن و بێگومان ئێمە و هەموو خەڵکی کوردستان خۆمان بە قەرزداری ئەوان دەزانین و سەری کڕنۆش لە بەرانبەر خۆڕاگری و گیانبازییەکانیان دادەنەوێنین .

لەم ڕۆژە پڕشکۆیەدا پەیمانی وەفاداری لەگەڵ هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان نوێ دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین هەتا دوایین پشوو هاوڕێ و هاوکار و پشتیوانی خەباتەکەیان بین .

مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی تیرۆریست و مرۆڤکوژی ئاخوندی

سەرکەوتوو بێت خەباتی پێشمەرگانە، بۆ ڕزگاریی کوردستان و کورد