کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە دەماوەند بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ

18:05 - 23 گەلاوێژ 2720

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لاوانی خەڵکی گوندی ئەوێهەنگ سەر بە ناوچەی ژاوەرۆ و دانیشتووی دەماوەند بەبۆنەی ٢٥ی گەڵاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە پەیامێکیان بڵاو کردەوە و بەڵینیی نەسرەوتن هەتا سەرکەوتن داوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

لە شاخەکانی ئەلبۆرز، هەتاکوو شاخەکانی زاگرۆس سڵاوی گەرم و شۆڕشگێرانەی خۆمان ئاراستەی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی دێموکرات دەکەین.

ئێمەیش بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین هاتنی ۲٥ی گەلاوێژ، ۷٥ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبە خۆشەویستەکەمان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی ، کادر و پێشمەرگە قارەمانەکان ئەندامان و لایانگرانی دڵسۆز هەروەها تێکۆشەرانی بەرپرسی حیزبەکەمان پیرۆزبایی دەکەین.

بەخۆشییەوە ۷٥ ساڵ تەمەنی دامەزرانی حیزبی دێموکرات تێپەڕ دەبێت لە نێوان ئەو ساڵانە حیزبی دێموکرات زۆر ئەزموونی خۆش و ناخۆشی تێپەڕاند و خەڵکی کوردستان بە سەرکەوتنەکانی دڵخۆش بوون و بە چەڵەمە و ناخۆشییەکانی ناخۆش بوون، ئەویش بۆ هەموو کوردێک ڕوون و ئاشکرایە ڕێژیمی نگریسی کۆماری پەت و سێدارەی ئێران دڕندەترین دوژمنی کوردە و بەهەموو شێوازێک دژایەتیمان دەکات و ڕێبەرانمان تیرۆر و تێکۆشەرانمان بەند و ئەشکەنجە دەکات، بەڵام ئەوەی بە چۆک نەهات ئیرادەی پۆڵاینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

دیسان دەست لە سەرسینگ ڕادەوەستین و بەڵێنی وەفاداری خۆمان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خوێنی شەهیدانی گەلەکەمان نوێ دەکەینەوە هەردەم دەڵێین نەسرەوتن هتا سەرکەوتن.

ئەندامان و لایانگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لاوانی ژاوەرۆ گوندی ئەوێهەنگ و دانیشتوانی دەماوەند