ئەندامان و لاینگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی "نییەر" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بە بۆنەی نەورۆزی کوردەواری پەیامیکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە
بە تیشکی ئاگر ئەنووسم جێژنە پیرۆزە
هاونیشتمانیانی ئازیز!
خەڵکی بەڕێزی کوردستان!
لە مێژووی ژیاری مرۆڤەکاندا، هەر بۆنە و ڕووداوێک هێما و نیشانەی خۆی بە دەستهێناوە کە دواتر بەو هێمایە یادی ئەو ڕووداوەیان کردووەتەوە.
ئێمەی نەتەوەی کوردیش بەپێی مێژوو بە درێژایی ۲۷۲۰ساڵ، یادی ڕووداوێک دەکەینەوە کە چیرۆک و ئەفسانەی زۆر لەسەری وتراون، "نەورۆز" ئەو ناوەیە کە بۆ ئەو ڕۆژە هەڵمانبژاردووە، واتایەکی زۆر ڕوونیشی هەیە؛ ڕۆژێکی نوێ و نوێبوونەوە، شۆڕش و گۆڕانکاری، ڕاسان و ڕاپەڕین و هەستانەوە. هەمووی ئەو ناوانە لە ئەفسانە و چیرۆکەکانی نەورۆزدا خۆیان نیشانداوە. ڕەنگە دیارترین و باوترینی چیرۆکی نەورۆز، سەرکەوتنی شۆڕشی خەڵکێکێ چەوساوە و زوڵم لێکراو بێت دژ بە حاکمێکی خوێنمژ و نادادپەروەر.
بۆ دەربڕینی شایی و خۆشی دوای ئەو سەرکەوتنە مەزنە، "ئاگر" هەڵئەکرێت و بە دەوریدا خۆشی دەکەن و سەمای ئازادی دەگێڕن. "ئاگر" کە گەرماکەی ساردی و سڕی دەتوێنێتەوە و ڕووناکیەکەشی تارمایی لائەبات و ڕاستیەکان دردەکەون ئەبێتە هێمایەک بۆ "نەورۆز"، نەورۆزیش ئەبێتە هێمای شۆڕش و سەرکەوتن، نەورۆزێک کە دوای کڕێوەی ساردی زستان، پەیامی دڵخۆشکەری بەهار و ژیانەوەی پێیە.
هەر وەک ئاگادارن، ساڵانێک "نییەر" جێژوانی ئەویندارانی نەورۆز و مەکۆی هەڵکردنی ئاگرەکەیەتی.
بە داخەوە ئەمساڵ بە هۆی نەخۆشی کۆرۆناوە و بەرچاو گرتنی بەرژەوەندی خەڵک و کۆمەڵگا، بێبەش بووین لە شانازی پێکەوەبوونی نەورۆز، هەر بۆیە هاودەنگ ئەبین لە گەڵ "پارێزەرانی ژیان"ی نیشتمان، جیاواز لە ساڵانی پێشوو لە ماڵەکانی خۆماندا ئاگرە پیرۆزە هەڵئەکەین و نەورۆز بەرز ڕادەگرین.
پیرۆز بێت نەورۆز
لە نەتەوەی شۆرشگێڕی کوردستان بە گشتی و
سەرجەم حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی!
هیوادارین چیتر سێبەری ڕەشی زوڵم و جەنایەت لەسەرمان نەمێنێت و خۆرەتاوی ئازادی هەڵبێت و لە پەنای شکۆی چیاکانی زاگرۆسدا نەورۆزی ئازادی بگێڕین!
پۆلێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
نییەر ــ ۱ی نەورۆزی ساڵی ۲۷۲۰ی کوردی