کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە گوندی مێراو و شارەکانی سنە و قوروە

12:47 - 2 رێبەندان 2719

 دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ڕێبەندانی گەرچی ڕێگای بەندانی

گلێنەی چاوی هەموو کوردانی

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

تێکۆشەرانی گەل!

پێشمەرگە میراتهەڵگرەکانی ڕێچکە و ڕێبازی کۆمار!

هەر وەکوو هەموومان دەزانین هەر نەتەوەیەک خاوەنی نیشتمان، سەروەری، مێژوو، کۆمەڵێک هێمای نەتەوەیی و سمبولی نیشتمانییە کە هەموو تاکەکانی ئەو گەلە شانازیی پێوە دەکەن، ئێمەش وەکوو نەتەوەی کورد بەدڵنیاییەوە لە هیچ کام لەو خاڵانە بێبەش نین و بگرە شانازی و قارەمانەتیگەلێکی پڕبایەخ و پڕبەهای زیاترمان هەیە و ئەگەر چاوێک لە دێڕەکانی مێژوو بکەین، وێڕای ڕووداوە تاڵەکان، زۆر خاڵی بەهێز و شانازیخولقێنمان هەیە کە کۆماری کوردستان و هێماکانی نموونەیەکی بەرچاو و ڕوون و دیارە.

کۆماری کوردستان کە لە ۲ی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳۲٤ی هەتاوی، واتە ۷٤ ساڵ لەمەوپێش و لە مەهاباد بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەد دامەزرا کە یەکەمین حکوومەتی دێموکراتیکی کوردی و نموونەی حکوومەتە دێموکراتیکە پێشکەوتووەکانی سەردەمی خۆی و تەنانەت ئێستاشە، خاڵێکی زێڕینی مێژوویی گەلی کورد بوو کە جیا لەوەی کە سەکۆیەک بوو بۆ کۆکردنەوەی کوردانی هەموو پارچەکانی کوردستان لە حکوومەتە کوردییەدا بەبێ جیاوازی، دەستکەوت و هێماکانیشی لە ئێستادا بوونەتە سیمبۆلی بەرخۆدان و خۆڕاگریی نەتەوەی کورد و لە هەموو جیهانیشدا بە فەرمی دانیان پێدا نراوە کە ئەمەش شانازییەکی ترە بۆ کۆماری کوردستان و میراتهەڵگرەکانی.

لەم پەیامەدا وێڕای پیرۆزبایی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان لە هەموو گەلی کورد و بەتایبەت تێکۆشەرانی ڕێبازە پیرۆزەکەی کۆمار، جارێکی تر پێویستە بە بیری داگیرکەرانی کوردستان بهێنینەوە کە ڕاسان قوناغێکی نوێ و سەردەمیانەی درێژەدانی ڕێچکە و ڕێبازی ئامانجەکانی کۆماری کوردستانە و تا شەکانەوەی ئاڵاکەی کۆمار لە چوارچرا، ئاویەر، داڵاهوو، ئاگری، ئاربابا و شاهۆ و بست بە بستی خاکی کوردستان درێژەی دەبێت و بە دامەزرێنەر و سەرۆککۆماری کوردستان و سەرجەم ڕێبوارانی بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە لە ڕێگای ئامانجە بەرزەکانی کۆماردا لەسەر تێکۆشانی خۆمان سوورتر بین و بۆ دوژمنان و داگیرکەرانی نیشتمان تا سەرکەوتن کۆڵ نەدەین.

جارێکی تر بەرز و پیرۆز بێت ۲ی ڕێبەندان، ۷٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری پڕشکۆی کوردستان.

سەرکەوێ ڕاسان

شانەی "ئارێز"ی ڕێکخستنی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاوایی مێراو و شارەکانی سنە و قوروە

۲ی ڕێبەندانی ۲۷۱۹ی کورد