کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ئیلام، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ

12:47 - 22 پووشپەڕ 2720

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئیلام بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تێرۆرکرانی دوکتور ''قاسملوو'' پەیامێکان بڵاو کردووە.

دەقی پەیامە بەم چەشنەیە:

لە بەرزاییەکانی زاگرۆس و قلاقیران سەری ڕێز و نوازش  بۆ یاد و ناوی شەهیدانی ڕێگای ئازادی.

تێرۆری دوکتور ''قاسملوو'' بووەتە هۆی ئەوەی کە لەلایەک ناوی ئەو نەمرە وەکوو ئەستێرەیەکی پڕشنگدار بەسەر ئاسمانی خەباتی ئازادیخوازانە و ئاشتیخوازانە مێژووی مرۆڤایەتی بدرەوشێتەوە و لەلایەک ئەم تێرۆرە ناجوامیرانە بەڵگەیەکی دیکە لە ئاشکرابوونی ناوەرۆکی تێرۆریستانە و جینایەتکارانەی ڕێژیمی تاران دەردەخات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو حیزبێکی پێشڕەو و ئاڵاهەڵگری خەباتی میللی- دێموکراتیکی نەتەوەی کورد، هەتا وەدیهێنانی مافە ڕەواکان و جێگیرکردنی ئاشتییەکی پایەدار بۆ نەتەوە بندەستەکان هیچکات لە خەبات ڕاناوەستێت.

ئێستا دوای تێپەڕینی ٣١ ساڵ لەو جینایەتەی ڕێژیم، دۆسیەی تێرۆری ڕێبەرانی کورد بە ئاشکرابوونی  بەڵگەیەکی زۆر ڕەهەندێکی نوێ پەیدا کردووە و هیوا و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد بۆ دادگاییکردنی بکرانی ئەو جینایەتە دژە مرۆییە، تەنیا کارێکە کە وڵاتانی ئورووپایی دەتوانن بێدەنگیی چەند ساڵەی خۆیانی پێ قەرەبوو بکەنەوە.

ئێستا کە ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بە زیاترکردنی گوشارەکانی بۆ سەر کۆمەڵگای مەدەنی، مافە بنەڕەتییەکانی تاکەکان، چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆیی، چالاکانی ژینگە و کەمایەتییە مەزهەبییەکان و... پێشێل کردووە، هەتا مانەوەی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهـ درێژ بکاتەوە، لەسەر هەموو ئازادیخوازان و خەباتکارانە کە لە بەرامبەر ئەم ئیستبدادەدا ڕاوەستن و بۆ وەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد لەژێر سێبەری ئاشتی و بەبێ ترس لە تێرۆر لە هێچ هەوڵێک دەست نەکێشنەوە.

شەهیدان و خەباتکارانی ڕێگای ئازادی، ڕێگاتان پڕ ڕێبوار و بیر و باوەڕتان هەرمان بێت.

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئیلام

٢٢ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی