کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ئەندامانی نهێنیی حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدان

12:06 - 11 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: پۆلێک لە ئەندامانی نهێنیی حیزبی دێموکرات، لە شاری مەهاباد، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

قازی ڕەمزە، سەرکەوتنی ڕێبازی قاسملوو فەرزە، سەرم قوربانی ڕێبازی، هەتا مردن وەفادارم بە حیزبی پێشەوا قازی.

دەبەم کڕنۆش لە بۆ ئەو خاکە پاکەی کە پێگەی پێشەواکەی کوردی پێویە

٧٢ ساڵ لەمەوپێش لە ١٠ی خاکەلێوەدا، پێشەوا قازی محەممەد، یەکەم سەرکۆماری دەوڵەتی کوردستان و سەدری قازی و حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی، لە چوارچرای شاری مەهاباد لە لایەن ڕێژیمی فاشیستی پالەوییەوە لە سێدارە دران و شەهید کران.

ئەمڕۆ کە بە ناوی ڕۆژی شەهیدان ناودێر کراوە، ئێمەش لە ڕۆژی شەهیدانی کوردستاندا، پەیمان لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانی شاخ و شار و زیندانییانی خۆڕاگر و هەموو کادر و ئەندامان و بەرپرسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نوێ دەکەینەوە، کە هەتا دوایین هەناسە درێژەدەری ڕێباز و ڕێگایان بین و تا گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری نەتەوە چەوساوەکەمان پشتیوان و هاوخەباتیان بین، وەک ئەرکێک کە لە سەرشانی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.

هەزاران سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەهید پێشەوا قازی محەممەد و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان کە گیانی خۆیان لە پێناوی ئازادی و گەل و نەتەوە و نیشتمان بەخت کردووە!

سەری کڕنۆش دادەنەوێنین بۆ شەهیدانی ڕێگای ئازادی!

 ڕۆحی هەموو شەهیدان شاد و ڕێگا و ڕێبازیان پڕ ڕێبوار!

بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

ڕاسان دژ بە حکوومەتی سێدارە و چڵکاوخۆران و نیشتمانفرۆشان بەردەوامە!

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری پێشەوا قازی محەممەد مەکۆی دێموکرات لانکەی شۆڕش.