کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەسەریی قەیرانەکان لە زاری بەرپرسێکی باڵای ڕێژیمەوە

12:51 - 20 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیم، چڕبوونەوە لەسەر گەشەپێدانی زیاتری فەرهەنگی ئایینیی، بە ڕێگاچارەی هەموو کیشە و قەیرانەکان زانیوە.

عەلی لاریجانی بەرپرسی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ئاخاوتنێکدا ڕایگەیاندووە: "بەهێزکردنی فەرهەنگی ئایینیی خەڵک و خوێندنەوەی قورئان تەنیا ڕێگای دەربازکردنی کێشە ئابووری و سیاسییەکانی وڵاتە".

ناوبراو بارودۆخی ئێرانی بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا و هەروەها ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی، بە نالەبار و زۆر خراپ زانیوە و ڕایگەیاندووە: "وڵات لە بواری ئابووریدا لەگەڵ قەیرانی جیدی بەرەوڕوویە و ئاماری بێکاری و گرانی لە وڵاتدا هەردەم ڕووی لە زیادبوونە".

لاریجانی لە ئاخاوتنەکەیدا باسی لەوە کردووە، کە ئەگەر فەرهەنگی دینی لە نێو کۆمەڵگادا بەتەواوەتی جێ بگرێت، هەموو کێشەکان بۆ خۆیان چارەسەر دەبن، ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە: پاش ٤٠ ساڵ هێشتا ئیسلام بەتەواوەتی لە هەموو کۆمەڵگادا جێی نەگرتووە و کۆمەڵگا بەتەواوەتی دینی نەکراوە.

ئەو قسانەی بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیم لە حاڵێکدان، کە پاش هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای ئایینی ئیسلام و مەزهەبی شێعە دامەزراوە و بە سەر هەموو خەڵکدا سەپێندراوە.

ئاخاوتنی لەو شێوە لە لایەن بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیمەوە دەتوانێ ئاماژەیەک بێت، بۆ گرتنەبەری سیاسەتی توندوتیژیی زیاتری ڕێژیم لەگەڵ ناڕازییان ئەو ڕێژیمە.