کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی دانوستانەکان لە "ڤییەن" خرایە دوای هەڵبژاردنەکانەوە

12:09 - 23 جۆزەردان 2721

"عەباس عەراقچی" جێگری سیاسیی وەزارەتی دەرەوە و بەرپرسی گرووپی دانوستانکاری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وتی: "هەتا حەوتووی داهاتوو، واتە دوای هەڵبژاردنەکان، ناتوانین بە کۆبەندی دانیشتنەکانمان لە ڤییەن بگەین".

ناوبراو باسی لەوە کردووە: "ئێمە بە دوای ڕێککەوتنێکی دڵخواز و باش بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێرانین و لەو بوارەدا نە پەلەمان هەیە و نە کات بە فیڕۆ دەدەین. گەڕانەوەی ئامریکا بۆ بەرجام، هەندێک بابەتی تێکنیکی، حقووقی و سیاسی لەخۆ دەگرێت کە بوونەتە هۆی درێژبوونەوەی دانیشتنەکان".

هاوکات بەرپرسێکی باڵای ڕۆژاوایی بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ڕاگەیاندووە: "بێ بڕوایی دوو لایەن، بووە بە بەربەست لەبەردەم دانیشتنەکاندا".

ئەو قسانەی "عەراقچی" لە حاڵێکدا بوون کە یەکەم دانیشتن لە شەشەمین دانوستانەکانی بەڕێوەچوونی کۆمیسیونی هاوبەشی بەرجام بە بەشداریی ئێران، ڕووسیە، فەرانسە، بریتانیا، ئاڵمان و یەکیەتیی ئورووپا بەڕێوە چوو.

"ئێنریکە مورا" جێگری بەرپرسی سیاسیی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، سەرۆکایەتیی وتووێژی کۆمیسیونی هاوبەشی بەرجامی وەئەستۆ گرتووە.