کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی دەروازە سنوورییەکان ناڕوونە

12:28 - 28 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بوونی ناوچەی ئازادی بازرگانی و کرانەوەی خاڵە فەرمییەکانی بازرگانی لە نێوان کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات دەستی بەسەردا گیراوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان و هەروەها گەورە بەرپرسانی دیکەی ئەو ڕێژیمە، لە بارەی کرانەوەی خاڵە فەرمییەکانی بازرگانی و بوونی ناوچەی ئازادی بازرگانی لە نێوان کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات، هەر جارێک بە شێوەیەک لێدوان لە بارەی دەدەن و هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ هەڵ ناگرن.

بڕیار وایە لە ساڵی نوێی داهاتوودا، ناوچەی ئازادی بازرگانی لە شاری بانە جێبەجێ بکرێت و بدرێت بە کەرتی تایبەت. بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەش سەرۆکی گشتیی بانکی ناوەندیی ڕێژیم سەردانی پارێزگای سنەیان کردووە.

بەرپرسانی ڕێژیم، هەموو جارێک لە قسەکانیاندا باس لەوە دەکەن، کە ئێمە دەتوانین خاڵە بازرگانییەکان کارا بکەینەوە و خەڵکی کوردستان لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهرەمەند بن.

بڕیاری کرانەوەی خاڵە بازرگانییەکان و دروستکردنی ناوچەی ئازادی بازرگانیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات تەنیا لە ئاستی دروشمێکدا ماوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە بڕیاری کرانەوەی ئەو خاڵە بازرگانییانە لە کاتێکدایە، کە خەڵکی شارەکانی سەر سنوور چەندین ساڵە داوای ناوچەی ئازادی بازرگانی دەکەن و بەرپرسانی ڕێژیمیش بە بیانووی جۆراوجۆر یەک لەوانە ئەمنییەتی دەست بۆ پڕۆژیەوە نابەن.

لە ئێستاشدا جیا لەو پڕۆژەیە؛ بڕیار وایە کە سێ خاڵی فەرمیی بازرگانی لە نێوان کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات بکرێتەوە، ئەوەش بۆ ئەو مەبەستەیه کە بە قەوڵی خۆیان پێش به گوشاری گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکاوە بگرن.

ماوەیەکی دوور و درێژە کە بەناو نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم بانگەشە بۆ کارکردن و پەسەندکردنی گەڵاڵەیەک لەمەڕ سازکردنی ناوچەی ئازادی بازرگانی لە چەند شاری کوردستان دەکەن، کە دواجار دەرکەوت هەموو ئەمانە تەنیا پڕوپاگەندە و قسەی ناڕاست بوون و لە بنەڕەتدا کۆماری ئیسلامی ئیزن بۆ جێبەجێبوونی پڕۆژەی خێربدە بۆ گەلی کورد بە ڕەوا نازانێت.

ئەم گەڵاڵەیە، لە لایەن کەسانێکی وەک موحسێن بیگلەری، بەناو نوێنەری سەقز و بانە و فەرهاد تەجەری بەناو نوێنەری قەسرشیرین لە مەجلیسی ڕێژیم پاڵپشتی لێ کراوە و ماوەیەکی دوور و درێژە کە بانگەشەی بۆ دەکرێت، کە گوایە لە سنوورەکانی مێهرانی ئیلام، بانە و مەریوان لە پارێزگای سنە و سنووری قەسرشیرین لە پارێزگای کرماشان ناوچەی ئازادی بازرگانی – سەنعەتی دادەمەزرێت، کە تەنیا دروشم بووە.

شارەزایەکی کاروباری ئابووریی کوردستان،  لەم بارەوە دەڵێت: "بوونی ناوچەی ئازادی بازرگانی لە کوردستان کە چەندین خاڵی سنووریی هەیە، زەربەیەکی قورسە لەسەر پەیکەرەی ناوەندی دەسەڵات چ لە بواری سیاسی و چ لە بواری ئابوورییەوە.