کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی لاوێکی یارسانی دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ لە دەستبەسەرکرانی هەتا ئێستاش ناڕوون ماوەتەوە

16:05 - 24 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: لاوێکی کوردی یارسانی دوای دەمەقڕێ کردن لەگەڵ مۆرەیەکی سەر بە رێژیمی ئیسلامی، لەلایەن هێزەکانی رێژیم دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگۆێزرا و چارەنووسی ئەو لاوە دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ هەتا ئێستاش ناڕوونە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوای دروستبوونی دەمەقڕێ لە نێوان لاوێکی کوردی یارسانی و مۆرەیەکی سەر بە رێژیمی ئیسلامی لە کرماشان، ئەو لاوە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر دەکرێت و چارەنووسی دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ نادیارە.

هاووڵاتییەکی ئاگادار لەو باسە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی کیومەرس عەزیزی دانیشتووی کرماشان و پێڕەوی دێنی یاری راگەیاند.

هەروەها ئەو هاووڵاتییە کوردە سەبارەت بە رووداوی بێ سەروشوێن بوونی کیومەرس عەزیزی رایگەیاند: نزیک بە یەک ساڵ لەمەوبەر، کیومەرس عەزیزی لەگەڵ یەکێک لە مۆرەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ دۆخی کوردستان و بە تایبەت حیزبە کوردیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی ئیسلامی تووشی دەمەقڕێ بوو، دوای قووڵ بوونی کێشمەکێشەکە لە نێوان کیومەرس عەزیزی و مۆرەکەی رێژیم تێکهەڵچوون روو دەدات.

بەپێی وتەکانی ئەو هاووڵاتییە کە ئاگادار لە باسەکە بووە، دواترکە شەڕ و تێکهەڵچوون دێتە ئاراوە بە دەستێوەردانی هێزنی ئینتزامی لە رووداوەکە، کیومەرس عەزیزی دەرفێندرێت و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی لە بەر دەستدا نییە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە لە شاری کرماشان گەیشتوون، بنەماڵەی کیومەرس عەزیزی چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێرانیان کردووە بەڵام رێژیمی ئیسلامی هیچ وڵامێکی پێنەداونەتەوە.
لەو پەیوەندییەدا چەند رۆژ پێش ئێستا سێ لاوی کوردی پێڕەوی ئایینی یارسان بە ناوەکانی وەحید فروودی، جەهانگیر سەلیمی و سوبحان رەحیمی لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە بەردەم زانکۆی رازی کرماشان، دوای بێ رێزی و لێدان، دەستبەسەر کران.