کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی نۆ پەناخوازی کورد ناڕوونە

12:01 - 4 بەفرانبار 2721

پاش تێپەڕینی ٤ مانگ بەسەر ڕادەستکردنەوەی ٩ پەناخوازی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە بە "بەرەی ئازادیی سووریە"، چارەنووسی ئەو پەناخوازە کوردانە هێشتا ناڕوونە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، بنەماڵەی ئەو ٩ پەناخوازە لە بەردەم باڵوێزخانەی تورکیە لە تاران ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و بە ناردنی نامەیەک داوایان لە دەوڵەتی تورکیە کردبوو کە ئەو ٩ کەسە لە بنەماڵەکەیان بۆ بگەڕێننەوە، بەڵام هێشتا هیچ وڵامێکیان وەرنەگرتووەتەوە.

٨ کەس لەو پەناخوازە کوردانە خەڵکی شاری "پاوە"ی سەر بە پارێزگای کرماشان و یەکیان خەڵکی شاری "سەردەشتـ"ـە لە پارێزگای ورمێ کە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕێگای یاسایی و بە پاسپۆرت چووبوونە وڵاتی تورکیە.

لە حاڵێکدا کە دەوڵەتی تورکیە بۆی دەرکەوتبوو کە ئەو ٩ پەناخوازە کوردە خەڵکی سووریە نین، ئەوانی ڕادەستی "بەرەی ئازادیی سووریە" کردبوو و سەرەڕای بەدواداچوونی زۆر لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە، تا ئێستا چارەنووسی ئەو ٩ پەناخوازە هەر ناڕوونە و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.