کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد ١٧ مانگه ناڕوونە

12:37 - 8 بانەمەڕ 2720

لاوێکی کورد بە ناوی ''فەرید پەژووهی'' لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧ـەوە لە مەریوان بێسەروشوێن بووە و هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە، ئەوە لە حاڵیکدایە کە پێشتر ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دانیان بەوەدا نابوو کە ئەو لاوە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

''فەرید پەژووهی'' لاوێکی کوردی ٢٥ ساڵەی خەڵکی مەریوان و چەندین شایەت و کاربەدەستی ڕێژیم، دەسبەسەرکردن و ڕاگرتنی ناوبراویان لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان و سنە پشتڕاست کردبووەوە، بەڵام ئێستا بەرپرسانی ئەمنییەتیی ڕێژیم حاشا لە دەسبەسەرکردنی ناوبراو دەکەن.

"فەرید پەژووهی" ساڵی ١٣٧٣ لە مەریوان لەدایک بووە و خوێندکاری تێرمی کۆتایی لە ڕشتەی ئەندازیاریی عومران لە زانکۆی ئازادی مەریوان بووە.

ناوبراو لە ڕێکەوەتی ٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٧ بێسەروشوین بووە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

ماوەی ١٧ مانگ لە بێسەروشوێنبوونی ئەو لاوە کوردە تێدەپەڕێت و هەوڵەکانی بنەماڵەی ''پەژووهی" بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.

بنەماڵەی ''پەژووهی'' سەبارەت بە چارەنووسی کوڕەکەیان چەندین جار سکاڵایان لە ئیتلاعاتی مەریوان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا دۆخی ئەم دۆسیەیە هەروا ناڕوون ماوەتەوە.

ئەو لە حاڵێکدایە کە ناوندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم پێشتر دەسبەسەرکردنی ئەو لاوە کوردەیان پشتڕاست کردبووەوە، بەڵام دوای ئەوەی بەدواداچوونەکان بۆ ئەم دۆسیەیە زیاتر بوو، دەسبەرسەرکردنی ناوبراویان بە ئیدعایەکی بێبنەما زانیوە.