کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی پرۆژەی زنجیرەی پۆڵای پارێزگای سنە هەروا ناڕوونە

12:29 - 6 رەشەمه 2720

چارەنووسی پرۆژەی زنجیرەی پۆڵای پارێزگای سنە کە بڕیار بووە لە شاری بیجاڕ دروست بکرێت، هەروا لە بێنە و بەرەی نێوان بەرپرسانی ڕێژیم و بەناو نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیسدا ماوەتەوە.

زنجیرەی پۆڵای پارێزگای سنە کە بڕیار بوو بە دەفرایەتیگەلی ٢.٥ ملیۆن تۆن کۆنسانترە، ٢.٥ ملیۆن تۆن گەندەڵە، ١.٦ ملیۆن تۆن ئاسنی ئسفەنجی و ١.٥ ملیۆن تۆن توانەوە و ڕیختەگەرییەوە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی ١.٥ تۆن وەرەقی ڕەش، نۆردی گەرمی پۆڵایی لە پارێزگای سنەدا بخرێتە ڕێگا و هەزاران کەس دابمەزرێن، هێشتا لە بێنە و بەرەی نێوان بەرپرسانی ڕێژیمدا ماوەتەوە.

پاش پەسەندکراوەکان و بەڕێوەچوونی هەوڵە سەرەتاییەکان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆژەکە، "شەریعەتمەداری" وەزیری ئەوکاتی "س.م.ت" بڕیاری وەڕێخستنی ٢ یەکەی ئاسنی ئسفەنجیی ٨٠٠ هەزار تۆنیی بە شێوەی جیا لەیەک لە شارەکانی بیجاڕ و قوروە دابوو.

ئێستا پاش تێپەڕینی ٥ ساڵ، بەپێی قسەکانی نوێنەری ڕێژیم لە بیجار ٥ لەسەد گەشەی فیزیکیشی نەبووە و وەک ئاسەوار تەنیا کانتینێرێکی لێ بەجێ ماوە.

 ئەو چەشنە پرۆژانە کە ڕێژیم بەناوی دابینکردنی پیشە بۆ خەڵک و هەروەها گەشەی ئابووریی پارێزگاکانی کوردستان وەڕێی دەخات، تەنیا بە مەبەستی کڵاو لەسەر نانی خەڵک و خافڵاندنیان و خەرجکردنی ئەو بودجانەیە لە شوێنگەلێکی دیکە.