کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانانی "بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی لە هەمبەر گواستنەوەی ئاوی کاروون" پشتیوانیان لە کرێکارانی فوولادی ئەهواز کرد.

14:08 - 25 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: "بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی لە هەمبەر گواستنەوەی ئاوی کاروون"، لە ٣٦ـەمین ڕۆژی ناڕەزایەتیی سێنفیی کرێکارانی فوولادی ئەهواز پشتیوانیان لەم کرێکارانە کردووە.

کرێکارانی فوولادی ئەهواز، ڕۆژی شەممە، ٢٤ی سەرماوەز، بە وتنەوەی دروشمگەلێک خوازیاری جێبەجێکردنی داواکارییە سێنفییەکانی خۆیان بوون، ئەوان حەوتووی ڕابردوو هەتا ڕۆژی شەممە، دەرفەتیان بە بەرپرسانی ڕێژیم دابوو، هەتا ئەو گرفتە چارەسەر بکەن و لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی ئەم کارەدا ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەکی بەربڵاوتر بەردەوام دەبێت.

٣٦ـەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی فوولادی ئەهواز، بە بەشداریی چالاکانانی "بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی لە هەمبەر گواستنەوەی ئاوی کاروون " درێژەی کێشا.

"بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی لە هەمبەر گواستنەوەی ئاوی کاروون" بەردەوام لە بەرانبەر گەڵاڵەی گواستنەوەی ئاو لە لقەکانی ڕووباری کاروون ناڕازین و ئەوە بە زاڵمانە و لەنێوبەری ژینگەی ناوچەکە دەزانن.

پێشتریش، کرێکارەکانی هەفت‌تەپە لە هەمبەر نەدرانی مووچە و نابەرپرسبوونی کارگێڕە تازەکانی ئەم کۆمپانیایە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، کە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان لەگەڵ سەرکوتی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم بەڕەوڕوو بوویەوە.

ناڕەزایەتیی کرێکارانی شارەکانی ئێران، سەبارەت به داخوازییەکانیان هەروەها درێژەی هەیە و بەرپرسانی ڕێژیمیش بۆ سەرکوتی ئەم کەسانە ڕێوشوێنی نایاسایی و دوور لە ئەخلاق ڕەچاو دەکەن.