کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستانی ئێران: ڕێگاچارەی پرسی کورد دیالۆگە

16:22 - 3 رەزبەر 2721

کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی زیان بەرکەوتوو بەهۆی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە کە ڕێگاچارەی پرسی کورد دیالۆگە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامێک بۆ کۆماری ئیسلامی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە جیهانییەکان لە ئاست بۆردومانی ناوچە سنوورییەکان

لە حەوتووەکانی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چاولێکەری لە حکوومەتی تورکییه و بە بیانووی هەبوونی هێزی پێشمەرگە، خەڵکی ناوچە سنوورییەکان و دێهات و مەزرا و ماڵاتیانی خستووەتە بەر هێرش و بۆردومان کە ئەوە بووەتە هۆی زەرەر و زیانی خەڵکی ناوچە و لەنێوچوونی ژینگە و دەرەنجامی زۆر خراپی لێ کەوتۆتەوە.

ئێمە وەک کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستانی ئێران، وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆمان بۆ ئازار و زەرەر و زیانی خەڵکی ئەو گوندانە سەرەتا پێمان وایە ئەو جۆرە سیاسەتانە جگە لەوەی کە یارمەتی بە چارەسەریی بنەڕەتیی کێشەی کورد ناکا هیوا و دەرفەتەکان بۆ دیالۆگ و دۆزینەوەی ڕێگای ئاشتیانە لەنێو دەبا و بۆیە داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین واز لەو شێوانەی کە تا ئێستا تاقی کراونەتەوە و پێشاوپێش ئەنجامەکەیان ڕوونە بهێنێ.

پاشان داواکاریمان لە ڕێکخراوە جیهانییە مرۆڤدۆستەکان ئەوەیە داوا لە حکوومەتانی ئیقلیمی بکەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ئاشتیانە لەگەڵ گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و هەروەها چاوەڕوانیشمان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە بەهیچ شێوە نەچنە ژێر باری گوشار و فشارەکان تا زیاتر لەوە هەستی نەتەوەییمان بریندار نەبێ و نەبێتە هۆی پارچەپارچەبوون و لێک دوور کەوتەنەوەی گەلی کوردستان.