کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی فەرهەنگی و هونەری لە ئێران لەبارەی مەترسیی "هەڵوەشاندنەوەی گەورەی کۆمەڵایەتی" هۆشدارییان دا

19:28 - 2 پووشپەڕ 2720

زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە چالاکانی کۆمەڵایەتی، سینەماکاران، کۆمەڵناسەکان، نووسەران، شاعیران و ڕۆژنامەوانان لە دژایەتی بەنیسبەت نەبوونی ئازادی دەربڕین و بەردەوامیی سانسۆر بەیانییەیەکیان بڵاو کردەوە.

لەم بەیانییەیەدا هاتووە کە تۆمەتی ''هەوڵدان دژی ئەمنییەتی میللی'' بووەتە هۆکاری ئەوەی کە گەندەڵی لە ئێران نەهادینە بکرێت و هەڵوەشاندنەوەی گەورەی کۆمەڵایەتی ڕوو بدات.

لە درێژەی ئەو بەیانییەیەدا هاتووە، ئەو گومانەی ڕێژیم کە هەر ڕەخنەیەک لە بنەماکان بە هەوڵدان بە دژی ئەمنییەتی میللی دەزانێت، بناغەیەکی زانستیی نییە و دژی ئازادی ڕادەربڕینە و بە مانای سانسۆرکردنە. ئەوە سانسۆر و کۆنترۆڵی ناوەرۆکەکانە کە ئەمنییەتی میللیی لە مەترسی هاویشتووە و نائەمنی و بێباوەڕی پەرە پێ دەدات.

ئەم چالاکە فەرهەنگی و هونەرییانە نووسیویانە کە بەرپرسانی باڵای ڕێژیم نابێ لە ئازادییە مەدەنییەکان، یەک لەوان ئازادیی ڕادەربڕین چاوپۆشی بکەن و ڕێگای هەرچەشنە ڕەخنە و پرسیارکردن بە بیانووی ''هەوڵدان دژی ئەمنییەتی میللی'' ببەستن.

هەروەها نووسەرانی ئەو بەیانییەیە هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ئەم ڕوانینە تۆتالیتارانە درێژەی هەبێت، دەمارگرژی و بیرخاوی لە چوارچێوەی نەزانییەکی موقەدەس، گەندڵی نەهادینە دەکات و لە تەنیشت ئەم هەموو ناکارەمەیی و گەندڵیی پێهاتەکانی دەسەڵات، هیوابڕاوی خەڵک پێک دێنێت و لە ئاکامدا هەڵوەشاندنەوەی گەورەی کۆمەڵایەتی ڕوو دەدات.