کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبی لە شنۆ کاربەدەستانی سپایان وەک تێرۆریست پێناسە کردەوە

21:57 - 19 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە کاتی بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆنگرەی ئەزموونی ڕۆمان و چیرۆکی کوردی کە لە شاری شنۆ بەڕێوە دەچوو، چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبی و میوانانی بەشداری ئەو کۆنگرەیە، بە هۆی بەشداریی بەرپرسانی سپای تێرۆریستیی ڕێژیم، شوێنی کۆبوونەوەکەیان چۆڵ کرد.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، لە کاتێکدا کە یەکەمین کۆنگرەی ئەزموونی ڕۆمان و چیروکی کوردی لە هۆڵی موجتەمەعی فەرهەنگی ـ هۆنەریی شاری شنۆ؛  لە لایان ئەنجومەنی "پڕشەنگی گەلاوێژ" بەڕێوە دەچوو بەشداران شوێنی کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، بەرپرسانی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستیی پاسداران لەو شارە هاتبوون لە بەرژەوەندیی خۆیان لەوێ خۆ نیشان بدەن و کۆمەڵێک لە چڵکاوخۆرانی خۆیان و کاربەدەستانی خۆیان وەک میوان هێنابوویە موجتەمەعی فەرهەنگی ـ هۆنەری.

بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە لەبەردەم هۆڵی بەڕێوەچوونی شوێنی کۆنگرەکە هێندێک کتێبیان بە بۆنەی پێشانگای کتێب دانابوو و بێڕێزیشیان بە ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە کردبوو.

دوای ئەو کردەوەی ترسەنۆکانە و دزێوەی بەرپرسانی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران بە ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، خەڵکی تێکۆشەر و بوێر وەک وەفادارای بە ڕێبازی ڕێبەرانی شەهیدیان کوڕەکەیان چۆڵ کرد و کۆنگرەکەیان بایکۆت کرد کە تەنیا کاسەلێسەکانی ڕێژیم لە شوێنەکە مابوونەوە.

دوای ئەو ئیقدامە بوێرانەی بەشداربووان و هەڵوێستی شۆڕشگێرانەی خەڵک کە بەرنامەکەیان تەحریم کرد؛ کاڕگێرانی بەرنامە بە زووری خەڵکیان بۆ نێو کۆڕەکە هان دەدا بەڵام خەڵک بە قسەیان نەکردن و بەرنامەکەیان بەجێهێشت.