کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی مەدەنی لە کوردستان: دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم سووکایەتی بە نەتەوەی کورد ڕاگرێت

12:47 - 24 سەرماوەز 2720

کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی، ئایینی، سیاسی و ڕۆژنامەنووسانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەز لە بەیانییەیەکدا بەرانبەر بە بڵاوکردنەوەی درۆ و قسەی ئاژاوەگێڕانە بەرانبەر بە نەتەوەی کورد لە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمدا کاردانەوەیان نیشان دا.

واژۆکەرانی ئەو بەیانییەیە سەرەڕای بیرخستنەوەی پێویستیی داوای لێبووردنکردن لە خەڵکی کوردستان وتیشیان: "ئەگەر هەڵەی ڕاگەیاندنی لە جۆری سووکایەتی و بە شێوەی بەردەوام و ئامانجدار و لە پرۆسەیەکی کاتیی درێژماوەدا ڕەسەنایەتی و کولتووری نەتەوەیەک بکاتە ئامانج، هەڵەیە و پرۆژەیەکی ئامانجدار و بەئەنقەست و ئاگاهانەیە".

لە بەشی کۆتایی ئەو بەیانییەیەدا هاتووە: "ئێمە ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی، ئایینی و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان داوای پێشگرتن و ڕاگرتنی ڕەوتی سووکایەتی و ئاژاوانانەوە دەکەین و دەبێ سەرۆکی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمیش داوای لێبووردنی فەرمی بکات".

حەوتووی ڕابردوو لە بەرنامەی "ئینتهای ئەلوەند"دا کە لە کاناڵی ٢ی ڕێژیمی ئێراندا بڵاو دەبێتەوە فڕۆکەوانێکی ڕێژیمی ئێران وتبووی: "کاتێک ئێمە لە کوردستان شەڕمان دەکرد، دەیانووت کوردەکان گۆشتی فڕۆکەوانی هێلیکۆپتیری کۆبڕا بە ٥٠٠ میلیۆن تمەن دەکڕنەوە".

ئەم قسەیە کاردانەوەی توندی خەڵکی کوردستان و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شوێنەکانی دیکەشدا لێکەوتەوە.