کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی مەدەنیی سکاتلەند لە داوایەکی فەرمیدا خوازیارن "ئیبراهیم ڕەئیسی" لە کاتی چوون بۆ ئەو وڵاتە دەسبەسەر بکرێت

12:25 - 17 رەزبەر 2721

ڕۆژنامەی "تایمز" بڵاوی کردووەتەوە، چالاکانی مەدەنیی سکاتلەند داوایان لە پۆلیسی ئەو وڵاتە کردووە کە لە کاتی چوونی "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بۆ "گلاسکۆ"، دەسبەسەری بکەن.

بڕیارە لە بیست و شەشەمین دانیشتنی گۆڕانکاریی هەرێمیی ڕێکخراوی نەتەوەیەگرتووەکاندا کە لە ڕۆژەکانی ١٠ و ١١ی خەزەڵوەر لە شارە "گلاسکۆ"ـی سکاتلەند بەڕێوە دەچێت، "ئیبراهیم ڕەئیسی" بۆ یەکەم جار لە ماوەی هاتنە سەر کاری وەک سەرکۆماری دەوڵەی سێزدەهەم سەفەری دەرەوەی ئێران بکات و لەو دانیشتنەدا بەشداری بکات.

بەپێی ئەو بڵاوکراوەیە ژمارەیەک لە خزم و کەسی قوربانییانی ئەشکەنجە و لەسێدارەدراوانی ئێران، لە داواکارییەکی فەرمیدا بۆ پۆلیسی سکاتلەند خوازیارن لە کاتی چوونی "ڕەئیسی" بۆ ئەو وڵاتە دەسبەسەر بکرێت.

"ئیبراهیم ڕەئیسی" ساڵی ١٣٦٧ یەکێک لە ئەندامانی "هەیئەتی مەرگ" بووە و ڕاستەوخۆ بەشداریی لە کوژرانی زیندانییانی سیاسی کردووە.

هەروەها "تایمز" لە زاری "ئێستران ئێستیونسون" سیاسەتمەدار و نوێنەری پێشووی سکاتلەند لە پارلمانی ئورووپا بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو داواکارییە فەرمییەی بۆ پۆلیسی وڵاتەکەی ناردووە.