کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی مەدەنیی کورد، ڕۆژی شەممەیان وەک ڕۆژی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر مردنی "دنیا وەیسی" ڕاگەیاند

17:16 - 18 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوایان لە خەڵک کردووە، ڕۆژی شەممە بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە مردنی دنیا وەیسی، خۆپیشاندان بەڕێوە ببەن.

لە دوای مەرگی جەرگبڕی دنیا وەیسی، بە هۆی داڕمانی دیواری قوتابخانەکە بە سەریدا، شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی چالاکی مەدەنی و سیاسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە هەمبەر کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم لە هەمبەر پاراستنی گیانی قوتابییان دەستی پێ کرد.

چالاکانی مەدەنی بە وەڕێخستنی هەشتەگی "دنیا وەیسی، ئەمنیەتی پایەدار و ..."، ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی فاشیستیی ئێران گرت و ناڕەزایەتیی خۆیان لە بەرانبەر مەرگی دڵتەزێنی ئەم منداڵە کوردە دەربڕی.

لەم راستایەدا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕۆژی شەممەیان وەک ڕۆژی ناڕەزایەتیدەربڕین بە مەرگی دنیا وەیسی دیاری کرد.

لەم ڕاگەیەندراوەدا داوا لە خەڵکی کوردستان کراوە، کە ڕۆژی شەممە کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی، بە کۆبوونەوە لە بەردەم بینای پەروەردەیی شاری سنە ناڕەزایەتی لە بەرانبەر کەمتەرخەمیی ڕێژیم لە چاکسازی بینای قوتابخانەکان دەرببڕن.

دنیا ویسی تەمەن ٦ ساڵ خەڵکی گوندی گەرماشی سەر بە شاری سنە بوو، کە لە ڕۆژی جیهانیی منداڵان و لە یەکەمین ساڵی خوێندندا، بەهۆی ڕووخانی دیواری قوتابخانە بە سەریدا گیانی لەدەست داوە.