
بەشێک لە چالاکانی ژینگەیی پارێزگای سنە بە نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنەکانی ژینگەیی پارێزگا و لە پێناو پشتیوانی لە کار و چالاکیی ئەنجوومەنی "سەوزی چیا" ڕێپێوانێکیان لە سنە بۆ مەریوان بەڕێوە برد.
ئەو چالاکە ژینگەییانە بە ڕێپێوان، سەبارەت بە دۆخی نالەباری گۆلی "زرێبار"، دارستانەکانی سنە و مەریوان" و هەروەها لەهەمبەر ناکارامەیی بەرپرسان سەبارەت بەم دۆخە ژینگەییەی پارێزگا، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ناڕازییان داوایان کرد کە ئەو هەڵوێستە دژەژینگەییانەی کە لەهەمبەر گۆلی زرێبار و دارستانەکانی مەریوان ئەنجام دەدرێن، کۆتایی پێ بێت.
ماوەی چەند ساڵە کە گۆلی زرێبار لەلایەن کەسانی سەر بە ڕێژیم و کەسانی هەلپەرست بە شێوازی جۆراجۆری وەک ئاگرتێبەردان، مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە.
تەنیا لە یەک حاڵەت ئاگرکەوتنەوەدا ٤١٠ هێکتار لە قامیشەڵانەکانی زرێبار وەک ئێکۆسیستمێکی سروشتی لە ئاگردا سووتا.
سەرەڕای هەوڵ و تیکۆشانی چالاکانی ژینگەیی و ناڕەزایەتیی بەردەوامی هاووڵاتییان، بەرپرسان هیچ هەوڵێک بۆ پێشگریی ئەو کاولکارییە ژینگەییانەی کوردستان ئەنجام نادەن.