کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٤ چالاکی ژن داوای لەسەرکارلاچوونی "خامنەیی"ـان کرد

14:18 - 15 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ١٤ چالاکی ژن لە ئێراندا، لە ڕاگەیەندراوێکدا خوازیاری لەسەرکارلاچوونی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران و پێدانی مافە ڕەواکانی ژنان لە ئێراندا بوون.

ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی گەلاوێژ، ١٤ چالاکی ژن ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا هاتووە: "بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دژی هەڵاواردنە ڕەگەزییەکان،کە بەرهەمی دیدی پیاوسالارانەی نیزامی فەقیهە، لە دژی ئەم نیزامە دژە ژنە کە بەها مرۆڤایەتییەکانی ئێمەی لەناوبردووە، هەڵدەستینە سەر پێ و داوای گۆڕینی نیزامی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دانانی یاسای نوێ دەکەین".

ئەم ١٤ ژنە لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە لە ماوەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا هەموو ماف و ئازادییەکانی ژنان پێشێل کراوە.

هەروەها داوایان کردووە کە هەر کەس ویستبێتی لە دژی ئەم نیزامە ناڕەزایەتی دەرببڕێت ئەوا لەگەڵ گرتن، ئازار و ئەشکەنجە ڕووبەڕوو بووەتەوە و نووسیویانە: "بەشێوەیەکی جیددی و بەردەوام بە شێوەی ناڕەزایەتی دەربڕینی مەدەنی و دوور لە توندوتیژی، لە خەباتی خۆمان و وتنی (نا بە ڕێژیمی ئیسلامی) بەردەوام دەبین".

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵیش، ١٤ چالاکی مەدەنی دیکە ڕاگەیەندراوێکی هاوشێوەیان بڵاو کردەوە و داوایان کرد کە خامنەیی دەست لەکار بکشێنێتەوە، کە هەتا ئێستا ٢ کەس لەم چالاکە مەدەنییانە دەسبەسەر کراون.