کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی بوێرانەی تێکۆشەرانی دێموکرات چۆک بە داگیرکەران دادێنێت

12:08 - 21 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆز و بەجەرگی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی بەرینی تەبلیغی، ئەژنۆی داگیرکەرانی کوردستانیان بۆ جارێکی تر وەلەرزە خست.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی جۆزەردان، تێکۆشەرانی دێموکرات لە ناوچەیەکی بەرین لە نێوان سنە و مەریواندا، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی "د. عەبدولڕەحمان قاسملوو"، چالاکییەکی بەرینی تەبلیغییان، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بڵاو کردنەوەی ٤٤٦ پۆستێر و تراکت و لۆگۆی هێزی پێشمەرگە بەڕێوە برد.

چاونەترسانی دێموکرات لەو چالاکییەدا، بە ڕۆژی ڕووناک و بە بوێرییەکی شێرانەوە، ئەو چالاکییانەیان لە کۆمەڵێک لە شاخ و گوندەکانی ئەو ناوچەیە بەڕێوە بردووە، کە لە لایەن ڕێژیمەوە بە شوێنە ستراتێژیکییەکان بە هەژمار دێن.

ئەندامانی دڵسۆزی حیزب، ئەو تراکت و پۆستێرانەیان لە شوێنە گەشتییارییەکان، خانەباخ و سەر ڕێگا سەرەکییەکان بڵاو کردووەتەوە.

ئەو شوێنانەی کە چالاکییان لی ئەنجام دراوە، بریتین: "ناوچەی کەڵاتەرزان سەربە سنە، گوندی میانە، گوندی زۆنج، گوندی نێزڵ، گوندی سوورکەوڵ، گوندی بییەر، گوندی گڵیە، شاخەکانی پیازە، کوڕەمیانە، خوشیل، گەمۆر، کانی گەون".

نیشتمانپەروەرانی دێموکرات لە شارەکانی کوردستان، لە ڕێگای ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغییەوە، هێز و ورە و باوەڕی پۆڵایینی خۆیان بۆ پشتیوانیکردن لە پێشمەرگە و خەباتی ڕزگاریخوازانەیان و پاراستنی سەروەرییەکانی ئەو گەلە چەوساوە نیشان دەدەن و وەک بوومەلەرزەیەک دڵی داگیرکەرانی پێ دەهەژێنن.