کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی بەرینی تەبلیغی لە کوردستاندا بەڕێوە چوو

12:16 - 17 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، لە شارەکانی کوردستاندا، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی جۆزەردان، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری سەقز، شنۆ و لە گوندی دزەی مەرگەوەڕ سەربە شاری ورمێ، بۆ پیشتیوانیی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕاسان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، درێژەدانی ڕێبازی شەهیدان، چالاکی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری سەقز، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵیادی تێرۆرکردنی ڕێبەری ناوداری گەلی کورد ـ دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو ـ وێڕای هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ئارمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیمانیان لەگەڵ ڕێبەری نەمر نوێ کردەوە.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات، وێرای سڵاو لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەرەبەری سیهەمین ساڵیادی تێرۆرکردنی دوکتور قاسملوو پەیمانیان نوێ کردەوە، کە تا دوایین دڵۆپی خوێن درێژەدەری ڕێبازی پڕ لە شانازی و سەروەریی د. قاسملوو و هەموو شەهیدان دەبن.

هاوکات، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری شنۆ بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت لە شوێنەکانی وەک: جادەی شنۆ - قوروشاوێ، جادەی شنۆ - حەسەن نووران، گوندەکانی خالتاوێ، سەرگێز و پرداوێ چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

هەروەها قارەمانانی دێموکرات لە گوندی دزەی مەڕگەوەر، سەربە شاری ورمێ بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات، ناسراو بە ڕاسان، بە نووسینی دروشمی تایبەت لەسەر دیوارەکان چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

تێکۆشەرانی دێموکرات، لە گوندی دزەی مەڕگەوەر، بە نووسینی دروشمی وەک: بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بژی پێشمەرگە، بژی ڕاسان و پێشمەرگە ڕەمزی سەرکەوتنی گەلە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.