کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی بە بۆنەی ڕۆژی زمانی دایکی بەڕێوە چوو

11:03 - 30 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٩ی ڕێبەندان، تێکۆشەرانی دێموکرات لە مزگەوتی حەسارەی شاری بۆکان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی،  چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەر لەم پێوەندییەدا، هۆگران و دڵسۆزانی بواری زمان و فەرهەنگی کوردی، لە ڕێگای تۆڕە کۆمەلایەتییەکان و بە دانانی دروشم و وێنەی تایبەت ڕێزیان لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی گرت.

رێکخراوی یوونێسکۆ، ڕۆژی ٢ی ڕەشەممە، بەرانبەر لەگەڵ ٢١ی فورییەی، وەکوو ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی دیاری کردووە و هەموو ساڵێک لە سەرتاسەری دونیادا ڕێز لەم ڕۆژە دەگیردرێت.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کە لە ژێر سەرکوت و دەسەڵاتی ناڕەوای ڕێژیمی ئێراندایە و خوێندن به زمانی دایکی بەو شێوەیە کە لە خودی یاسای بنەڕەتی ڕێژیمی ئێراندا هاتووە، ڕەچاو ناکرێت؛ بەڵام هەموو ساڵێک چالاکانی ئەم بوارە لە شارە جۆراوجۆرەکاندا بە بەڕێوەبردنی پۆلی فێرکاری و کۆڕ و کۆبوونەوەی پێوەندیدار و چالاکیی تەبلیغی ڕێز لەم ڕۆژە دەگرن.