کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ بەردەوامە

17:27 - 15 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە شارەکانی مەریوان، کرماشان، سەرپێڵ زەهاو، بۆکان و مەهاباد، ئەندامانی حیزبی دێموکرات بۆ چەندەمین جار بەبۆنەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو چالاکییان بەڕێوە برد.
ئەو شوێنانە کە چالاکییان تێدا بەڕێوەچوو، بریتین لە:

سەرپێڵ زەهاو

ئەڤیندارانی رێبازی شەهید د. قاسملوو و قادری ئازەر لە شاری سەرپێڵ زەهاو سەربە پارێزگای کرماشان، بەبۆنەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی چالاکیی تەبلیغییان بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێری کومیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات بەڕێوەبەرد.

مەیدانچەی قەدیم، شەقامی عەبباسی، مزگەوتی جامیعە، شارەکی زەعفەران، شارەکی فەرهەنگییان، پارکی گشتی، قەرەبڵاغ، سەر پردی ئەڵوەند و رێگای سەرپێڵ ــ ئەڵوەند، ناوی ئەو شوێنانەی شاری سەرپێڵ زەهاوە کە چالاکیی تەبلیغیی بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ تێدا ئەنجام دراوە.

کرماشان

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات درێژەدەرانی رێبازی دێموکرات و شەهیدان رۆژی هەینی رێکەوتی ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٣، لە شاری کرماشان چالاکییان بەڕێوە برد.

ئەو شوێنانەی شاری کرماشان کە چالاکییان تێدا ئەنجام دراوە بریتین لە: تاقەوسان، دەوروبەری زانینگەی رازی، دەوڵەت ئاوا، جەوانشێر، دەرە دریژ، گاراجی گشتی و مەیدانی حەیوانات.

مەهاباد

رۆژی هەینی رێکەوتی ١٣ی پووشپەڕ چالاکیی تەبلیغی بەبۆنەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدانی ڤییەن بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێری تایبەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە زۆربەی قوتابخانەکان و ماڵەکاندا بڵاو کرایەوە.

گەڕەکەکانی ئەرمەنی، خرپێ، مەیدانی ئیستقلال، چوارڕێیانی ئازادی، چوارچرا، سەر پردی تازە، بلواری ورمێ کە هەموویان لەسەر شەقامی دوکتور قاسملوو هەڵکەوتوون، چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چووە.

هەروەها چالاکیی رێبوارانی رێبازی پێشەوا لەسەر رێگای دۆستاڵ بۆ قەمتەرێ و سەهۆڵان کە سەریرانگایەکی گشتییە، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوەبرد.

ناردنی کورتە نامە (SMS) بۆ هاووڵاتییان و کۆمەڵێک کەسی دیاریکراو بەشێکی دیکەی چالاکیی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی لە شاری مەهاباددا لەخۆ گرتبوو.

بۆکان

لە شاری بۆکان، دێمۆکراتپەروەران و رێبوارانی قاسملووی شەهید، راستەوخۆ تراکت و پووستیری تایبەتییان داوەتە دەستی هاووڵاتییان و تراکت و پووستێری تایبەتی ٢٢ی پووشپەڕیان بڵاو کردووتەوە.

فەلەکەی ئازادگان هەتا شەقامی دوکتور قاسملوو (فەلەکەی ئەسکەندەری)، شارەک و پارکی شەهرەک، گوزەری عەوڵا ئاغا، گوزەری ساحیلی و پارکی ساحیلی ناوی ئەو شوێنانەیە کە چالاکییان تێدا بەڕێوەچووە.

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بۆکان هەروەها بە بۆنەی ٢٥مین ساڵـڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملووەوە کورتە نامە (SMS)یان بۆ زۆربەی دانیشتوان ناردووە.

چالاکیی ئەندامانی حیزب لە شاری بۆکان بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لە حاڵێکدا بەڕێوەچوو کە هێزە ئینتزامی، لیباس شەخسی و ئیتلاعاتییەکان، دۆخی شاریان بە تەواوەتی ئەمنیەتی کردبوو.

مەریوان

سەرەڕای هەبوونی دۆخێکی توندی ئەمنیەتیی توندوتۆڵ ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گەڕەکی سەردۆشییەکانی شاری مەریوان چالاکییان بەڕێوە برد و یادی شەهیدانی ڤییەنیان بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستیری تایبەت بەرز راگرت.