کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ+ وێنە

22:10 - 22 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژ ٦٩مین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی حیزبەکەیان، چالاکیی تەبلیغییان لە شارەکانی پاوە، بۆکان، مەهاباد، بانە و شیراز بەڕێوەبرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەو شوێنانە کە چالاکییان تێدا ئەنجام دراوە، بریتین لە:

پاوە

رۆژی شەممە رێکەوتی ١٨ی گەلاوێژ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رێگای نۆدشە ــ پاوە بە نووسینی دروشم، ٦٩مین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتیان پیرۆز کرد.

بۆکان

لە گوندەکانی قەرەگۆل، قەباخکەندی کۆخان لە ناوچەی چۆمی مەجید خان، تراکت و پووستێری تایبەتیی کومیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شێوەیەکی بەربڵاو پەخش کرانەوە و یادی ٢٥مین ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات بەرز راگیرا.

مەهاباد

تێکۆشەرانی دێموکرات و رێبوارانی رێبازی پێشەوا قازی محەممەد لە گوندی \'\'حاجی حەسەن\'\' سەربە ناوچەی شاماتی مەهاباد، چالاکیی تەبلیغییان بەبۆنەی ٦٩مین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێری تایبەت بەڕێوە برد.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە گەڕەکی بەهارستانی شاری مەهاباد ئاڵای کوردستانیان لەسەر دیوارەکان بەبۆنەی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ کێشایەوە و بە نووسینی دروشمی پێوەندیدار ئەو یادەیان بەرز راگرت.

بانه

تێکۆشەرانی دێموکرات بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ لە چیای \'\'بابووس\'\' بەرانبەر بە شاری بانه ئاڵای کوردستانیان کە درێژایی‌یەکەی دەگەیشتە ٤ میتر هەڵکرد کە هەتا کاتژمیر ٢:٣٠ خولەکی رۆژی ٢١ی گەلاوێژ دەشەکایەوە.

هەڵکرانی ئاڵای کوردستان لە چیای بابووس لەلایەن ئەندامانی حیزبی دێموکراتەوە بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ شادیی و خۆشحاڵیی خستە نێو دڵی هاووڵاتییانەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە دەست و پێوەندییەکانی رێژیم ئاڵاکەیان کاتژمێر ٢:٣٠ خولەکی رۆژی سێشەممە ٢١ی گەلاوێژ هێناوەتە خوارەوە.

شیراز

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژ لە شاری فارسنشینی شیراز چالاکییان بەڕێوە بردووە.

دەروازەی قورئان، سەر مەزاری حافزی شیرازی، بلواری چەمران، قەلای کەریم خانی زند، چوارڕێیانی زەند، قەسر و دەشت، ناوی ئەو شوێنانەی شاری \'\'شیراز\'\'ە کە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی تراکتیی تایبەتیی ٢٥ی گەلاوێژ چالاکییان تێدا بەڕێوە بردووە.