کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی سیاسیی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئاڵمان قەدەغە کرا

12:33 - 29 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: پارلمانی فێدراڵی ئاڵمان لە لایەحەیەکدا چالاکیی سیاسیی حیزبوڵڵای لوبنانی وەک چالاکیی نیزامیی ئەو ڕێکخراوەیەی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە ئاڵماندا قەدەغە کردووە.

پارلمانی فێدراڵی ئاڵمان، ناسراو بە "بووندستاگ"، لایەحەیەکی پەسەند کردووە کە بەپێی ئەو لایەحەیە چالاکیی سیاسیی "حیزبوڵڵای لوبنان"، هاوشێوەی چالاکییە نیزامییەکانی ئەو ڕێکخراوەی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ئاڵمان قەدەغە کراوە.

بووندستاگ لەو لایەحەیەدا، داوای لە دەوڵەتی ئاڵمان کردووە کە بە توندترین شێوە لەگەڵ چالاکییە سیاسییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لەو ولاتەدا بەرەوڕوو ببێتەوە.

حیزبەکانی "دێموکرات مەسیحی"، "سووسیال مەسیحی" و "سووسیال دێموکرات" کە لە دەوڵەتی هاوپەیمانیی "ئانگلا مێرکێلـ"ـدا بەشدارن و هەروەها، حیزبی "لیبراڵ دێموکراتـ"ـی ئەو وڵاتە، حەوتووی ڕابردوو ڕەشنووسی قەدەغە بوونی چالاکیی ئەو ڕێکخراوەیان پێشکەش بە بووندستاگ کرد.

هەروەها ئامریکا و ئیسرائیل داوایان لە ئاڵمان کردووە کە چالاکییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، بەبێ جیاکردنەوەی بەشی سیاسی و نیزامیی ئەو ڕێکخراوە قەدەغە بکات.

هەر لەو پەیوەندییەدا، مانگی فێڤرییەی ڕابردوو، بریتانیا بە پشتبەستن بە چالاکییەکانی حیزبوڵڵا لە سووریە و عێراق  و یەمەن، ئەو گرووپەی لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکاندا داناوە.

حیزبوڵڵای لوبنان لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینییەوە لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی یەکیەتیی ئورووپادایە، بەڵام یەکییەتیی ئورووپا تەنیا لقی نیزامیی ئەو ڕێکخراوەیە بە تێرۆریستی دەزانێت.