کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی شاخەوانی بەبۆنەی ڕێزگرتن لە یادی گیانلەدەستداوانی ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا

13:01 - 22 جۆزەردان 2721

ڕۆژی هەینی کۆمەڵێک لە شاخەوانانی شارەکانی "شنۆ، سنە، کامیاران و ئەندامانی  ژینگەپارێزیی ژینکۆ"، توانییان بە سەر شاخی داڵانپەڕ سەرکەون.

 ئامانجی شاخەوانیی ئەو سێ شارە و ئەندامانی ژینگەپارێزیی ژینکۆ، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی چوار ئەندامی گیانلەدەسداوی "ئەنجومەنی سەوزی چیا"ی مەریوان، بووە.

شاخی داڵانپەڕ، بە بەرزایی ٣هەزار و ٤٤٩ مەتر، لە سنووری سێ وڵاتی ئێران، عێراق و تورکیە هەڵکەوتووە و ئەو شاخە دەکەوێتە ناوچەی سیلوانای شاری ورمێ و بە واتای "فڕینی هەڵۆکان" دێت.

ڕۆژی هەینی ١٤ی جۆزەردان، چوار ئەندامی گرووپی شاخەوانیی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە ناوەکانی "شۆعلە قادری"، "ئارشام عەزیزی"، "داود باخیش" و "کاوە خوسرەوزادە"، بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست دابوو.

ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی ئەنجومەنی سەوزی چیا، بە ئامانجی هەڵاچوونێکی هاوبەش لەگەڵ گرووپی شاخەوانیی ئەنجومەنی ژینگەیی پاژینی بانە، بەرەو ئەو شارە بەڕی کەوتبوون کە لە نزیکیی شاری سەقز تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون و گیانیان لەدەست دا.