کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی پۆمپی بێنزینەکان لە ئێران لە بەرەبەری دووەمین ساڵوەگەڕی "خەزەڵوەری ٩٨" تێک چوو

18:32 - 4 خەزەڵوەر 2721

لە بەرەبەری دووەمین ساڵوەگەڕی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨، هێرشی سایبێری کراوەتە سەر پۆمپی بێنزینەکانی ئێران و وەزارەتی نەوتی ڕێژیمی ئێران ئەم ڕووداوەی پشتڕاست کردووەتەوە.

هاوکات بیلیبۆردەکانی دیجیتاڵیی ئیسفەهان هەک کراون و لەسەریان ''خامنەیی، بێنزینی ئێمە کوا؟'' و ''بێنزینی بەخۆڕایی لە پۆمپی بێنزینی جەماران'' نووسراوە.

میدیاکانی ئێران باسیان لەوە کردووە: "بەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەزڵوەر، پۆمپی بێنزینەکان لە زۆربەی شوێنەکانی ئێران تووشی ڕاوەستان بوونە".

''همایون ساڵحی'' بەرپرسی ناوەندی شوێنەکانی بڵاوکردنەوەی سووتەمەنی، ئەو هێرشە سایبێرییەی پشتڕاست کردووەتەوە و وتوویەتی: ''هۆکاری ئەو کێشەیە هێرشی سایبێری لە سەرتاسەری ئێران بۆ سەر پۆمپی بێنزینەکان بووە''.

هەواڵدەریی ''ئیسنا'' کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە، ئەم هێرشە سایبێرییەی بڵاو کردبووەوە کە دوای ماوەیەکی کورت لە ماڵپەڕی خۆی سڕییەوە و بڵاوکردنەوەی ئەو ڕووداوەی ڕەت کردەوە.

ئەو ڕووداوە لە بەرەبەری دووەمین ساڵوەگەڕی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان لە مانگی خەزەڵوەڕی ساڵی ٩٨ هاتووەتە ئاراوە، دوای گرانبوونی نرخی بێنزین لە خەزەڵوەری ٩٨ سەرەتا خەڵک لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە گرانیی سەرسووڕهێنەری بێنزین ڕژانە سەر شەقام و دواتر خۆپیشاندانەکان دژی ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ درێژەی کێشا.

ڕێژیمی ئێران کە ئەو خۆپیشاندانانەی بە شێوەی خوێناوی سەرکوت کرد، هەتا ئێستا لەبارەی کوژراوەکان، برینداربووان و دەسبەسەرکراوانی ئەو خۆپیشاندانانە هیچ ئامارێکی ڕاستی بڵاو نەکردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' کە لە زاری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باسی کردبوو، نزیکەی ١٥٠٠ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو خۆپیشاندانانەدا کوژران.