کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی کەناڵی ڕاگەیاندنی نرخی زێڕ، سکە و ئەرزی تاران ڕاگیرا

12:26 - 14 رەزبەر 2718

کوردسیان میدیا: بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بەرپرسی دەزگای قەزاییی ڕێژیم، کەناڵی ڕاگەیاندنی نرخی زێڕ، سکە و ئەرزی تاران، چالاکییەکانی خۆی ڕاگرت.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەر، ئەم ئاژانسی هەواڵدەرییە کە نرخی هەموو کودە ئەرزییەکانی خۆی داخستووە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە کە بە فەرمانی ئایەتووڵڵا لاریجانی، بەرپرسی دەزگای قەزاییی ڕێژیم، چالاکییەکانی ئەم کەناڵە ڕاگیراوە.

ئەم کەناڵە بە یەکێک لە سایتە تایبەتە جێباوەڕەکان بە هەژمار دێت، کە ڕۆژانە نرخەکان لە بازاڕی ئەرز، وەرەقە بەهادارەکان، کانزاکان، وزە و کاڵا ئێرانییەکان و دنیا  بە ٧٠ زمانی جیاواز بڵاو دەکاتەوە.

ئاملی لاریجانی، ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر، لە دانیشتنی بەرپرسانی قەزایی وتبووی: "ماوەیەکە ئامریکایییەکان بە هاوکاریی دەستوپێوەندەکانیان لە ناوچەکەدا، دەستیان بە شەڕێکی ئابووری، دەروونی کردووە و بەداخەوە گرووپە دژبەرەکانی هەڵهاتووەکانی ڕێژیم، خەیاڵی ڕووخانی ڕێژیمیان کەوتووەتە سەر".

ناوبراو فەرمانی دابوو کە بەڕێوبەرانی ماڵپەڕە ئەرزییەکان دەبێت، لە لایەن دادگاوە بانگهێشت بکرێن و بە توندی هۆشدارییان پێ بدرێت و ڕایگەیاندبوو، کە "هیچ دوور نییە بەشێک لەوان نموونەیەک بۆ گەندەڵیی ئابووری بن". 

پرۆژەی فەرمانی دابەزینی نرخی ئەرز لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر دەستی پێ کردووە و ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕێژیم هاوکات دەستیان بە بەستێنسازی کردووە و بڵاویان کردووەتەوە،  کە نرخی دۆلار بە هەشت هەزار تمەن گەیشتووە، لە کاتێکدا نرخەکان زۆر لەوە سەرتر بوون و هەر لەم ڕاستادا دەزگای قەزاییی ڕێژیم چالاکییەکانی کەناڵی ڕاگەیاندنی نرخی زێڕ، سکە و ئەرزی تارانی ڕاگرت.