کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییه تەبلیغییەکان بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لە کوردستاندا درێژەیان هەیە

12:18 - 16 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە، ١٥ی پووشپەڕ، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شارەکانی کوردستان، بە بۆنەی سیهەمین ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەندامانی دڵسۆز و تێکۆشەری حیزبی دێموکرات لە شاری "مەریوان"، لە شوێنەکانی وەک: "گەڕەکی مزگەوتی هەژارە، شەقامی ئیدارەی ڕای قەدیم، چوارڕێیانی بایەوە، مزگەوتی ئەبووبەکری سەدیق، دەروبەری مزگەوتی عەبدوڵڵا بن عومەر، پردی گاڕان، جادەی سەرشیو (مەریوان- سەقز) و دەروبەری بەنداوی گاڕان"، تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردووتەوە.

هاوکات ئەندامانی تێکۆشەر و چاونەترسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری "دێولان"، لە شوێنەکانی وەک: "گەڕەکەکانی جەهادگەرانی زاگرۆس، سەخاوەت، مەیدانی محەممەد ڕەسوولەڵڵا، گەڕەکی قەدیمیی دێولان، خوارەوەی جادەی ئیمام شافێعی، نەخۆشخانەی شەواهد، گەڕەکی شەیدا، مەیدانی بەسیج، جادەی قوروە و دێولان و هەروەها گوندەکانی باشماخ و جوامێرئاوا"، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەروەها، تێکۆشەرانی دێموکرات، لە گوندی "وسوکەند"ی سەر بە شاری مەهاباد، بە بۆنەی ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی شەهید دوکتور قاسملوو، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی دوکتور قاسملوو بە شێوەیەکی بەربڵاو، یاد و ناوی ڕێبەری ناوداری کوردیان بەرز ڕاگرت و بەو بۆنەوە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هاوکات، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە گوندی "شیان"، سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لە شوێنەکانی وەک: "کانی عەودە، ترمیناڵی قازی بەکر، میاوەزان، کانی گەزنە، کورار، خەرگەنم، کانی وزە و کانی جاهێڵ"، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی دوکتور قاسملوو، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەر لەم پەیوەندییەدا، قارەمانانی دێموکرات لە شاری شنۆ، بەم بۆنەوە، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی دوکتور قاسملوو، چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.