کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی دێموکرات بۆ پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدانی ڤییەن و سەرجەم شەهیدانی کوردستان لە شاری پیرانشار چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و بۆ جارێکی دیکە تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.
تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری پیرانشار لە: "گەڕەکەکانی کۆنه خانێ، سەرکانی کۆنه خانێ، شەقامی ساحیلی، شەقامی کانیجۆ، شەقامی کاسەکەران، بازاڕی سیگار، فەلەکەی محەممەد هەوراز، کەمەربەندیی کۆنه خانێ، دەوروبەری مزگەوتی مام خەلیل، کوچەی ئاشیانه و کوچەی قەپان" وێنە و تراکتی تایبەت به ٢٢ی پووشپەڕیان بڵاو کردووەتەوە.
هاوکات قارەمانانی دێموکرات لە نێو پادگانی ئەرتەش لە جەڵدیان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە و دروشمی پشتیوانیان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نووسیوە.