کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییە تەبلیغییەکان بەبۆنەی ٢٢ پووشپەڕ لە کوردستان بەردەوامە

18:50 - 18 پووشپەڕ 2720

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و گوندەکانی کوردستان بەبۆنەی بەرز ڕاگرتنی ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی؛ چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە دەبەن.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕ، ئەندامانی دەروەستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چالاکییەکی بەرینی تەبلیغیدا، ٢٢ی پووشپەڕ ساڵیادی تێرۆرکرانی "شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو"یان بەرز ڕاگرت.

ئەو شوێنانەی چالاکی لێ ئەنجام دراوە بریتین لە: "عەزیزکەند، سێڕێیانی قەرەکەند، نۆبار، سێڕێیانی نۆبار، سەیداوا، تەرەغە، باخچە، قادراوا، گڵێنان و پاشبڵاغ".

ئەندامانی حیزب لەو چالاکییەدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە تراکتی تایبەت بەو ڕۆژەیان لە شوێنە جیاوازەکان بڵاو کردەوە و دروشمی وەک: "هەرگیز نامرێت لە دڵمان قاسملووی گەورەی کوردستانـ"ـیان بڵاو کردووەتەوە.

هەروەها لە چالاکییەکی دیکەدا پێشمەرگەکانی شار لە "بۆکان" و لە تەنیشت ڕێگای چوونەسەرەوەی کێوی "میرقاز"، بە خوێندنەوەی پارچە شعرێک و هەڵواسینی تراکتی تایبەت یادی ڕێبەری ناوداری کورد دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو"یان بەرز ڕاگرت.

لە چالاکییەکی دیکەدا ئەندامانی حیزب لە شاری "پیرانشار" بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" و هاوڕێیانی یادی ئەو ڕێبەرە مەزنەی گەلی کوردیان بەرز نرخاند.

ئەندامانی حیزب ئەو تراکت و پۆستێرانەیان لە گوندەکانی "کاسوورە دێ'' و "زێوە" بڵاو کردووەتەوە.

سەرەڕای هەبوونی کەش و هەوای ئەمنییەتی لە شار و گوندەکانی کوردستان، ئەندامانی حیزب چالاکییەکانی خۆیان بێ پسانەوە و بە نیشانەی دەروەستی و ئامادەبوون بۆ هەر ئەرکیکی نیشتمانی و حیزبی لە هەر بارودۆخێکدا بەڕێوە دەبەن.